مەسعود بارزانی و تۆم باراک کۆبوونەوە

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و سوریا کۆبوونەوە و لە دیدارەکەدا پرسی سەقامگیریی ناوچەکە، پشتیوانیی حکومەتی نوێی عێراق و پرسی داماڵینی چەکی گروپە چەکدارەکان تاوتوێ کران.

بە پێی راگەیەنراوی بارەگای بارزانی، پێشنیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ١٦ی حوزەیران مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆز تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و سوریا کرد.

هەروەها هاتووە؛ تۆم باراک سڵاوی تایبەتی دۆناڵد ترەمپی گەیاندووەتە بارزانی و رایگەیاندووە: "عێراق و ناوچەکە پێویستیان بە سەقامگیرییە و هەرێمی کوردستان لەمەدا رۆڵێکی گرنگ و جێی بایەخی هەیە."

نێردەی سەرۆکی ئەمریکا سەرسامیی خۆی بە گەشە و پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە و بە "نموونەیی" وەسفی کردووە، هاوکات پێزانینی هەبووە بۆ پێگەی سەرۆک بارزانی لە پاراستنی هاوسەنگی و ئارامیی ناوچەکەدا.

بارزانی رایگەیاندووە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە لەگەڵ دیالۆگ و چارەسەری دیپلۆماسی بووە بۆ کێشەکانو وتوویەتی: "هەرێمی کوردستان هیچ کاتێک بەشێک نەبووە لە کێشەکان، بەڵام بە ناحەق پریشکی شەڕ و ناکۆکییەکانی ناوچەکەی بەرکەوتووە."

بە پێی راگەیەنراوەکە بارەگای بارزانی، لە کۆبوونەوەکە مەسعود بارزانی باسی لەوە کردووە کە پێویستە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو سەقامگیری و خۆشگوزەرانی هەنگاو بنێت.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەماهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا. نێردەی سەرۆکی ئەمریکا پشتیوانیی واشنتنی بۆ حکومەتی نوێی عێراق دووپاتکردەوە، بەتایبەت لە پرۆسەی "داماڵینی چەک لەدەستی میلیشیاکان" و گەڕانەوەی سەرجەم هێزە چەکدارەکان بۆ ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت.

سەبارەت بە حکومەتی نوێ، بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە هەمووان پەند لە هەڵەکانی رابردوو وەربگرن و کارەکان لەسەر بنەمای "هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان" بن لە چوارچێوەی دەستووردا.

لە کۆتایی دیدارەکەدا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر برەودان بە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا، بەتایبەت لە رووی ئابووری و راکێشانی وەبەرهێنانی بیانی، بە ئامانجی بنیاتنانی داهاتوویەکی گەشتر بۆ ناوچەکە.




PM:06:08:16/06/2026