سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان دەڵێت "هیچ کەس بۆی نییە رێگری لە کاراکردنەوەی پەرلەمان بکات".
سێ شەممە، ١٦ حوزەیران ٢٠٢٦، مەسرور بارزانی سەبارەت بە کارانەبوونی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "ئەمە کارێکی زۆر لە جێگەی خۆی نییە، تا ئێستا پەرلەمان کارا نەکراوەتەوە. ئێمە لە رۆژی یەکەمەوە لەگەڵ ئەوە بووین، پەرلەمان، موڵکی هەموو خەڵكی هەرێمی کوردستانە هی هیچ حزبێکی سیاسی نییە، هیچ کەسێکیش بۆی نییە رێگری لە کاراکردنەوەی پەرلەمان بکات".
لە بارەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمەوە مەسرور بارزانی وتی " پەرلەمان شوێنی ئەوەیە، ئەگەر بیروبۆچوونی جیاوازیش هەبێت لەوێ گفتوگۆی لەسەر بکرێت. ئەگەر پەرلەمان کاراکرایەوە، دواتر قسەی پێویست لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت".
لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەنجامداراوە، بەڵام تا ئێستا تەنها لە پەرلەماندا سوێندنی یاسایی خوراوە و پەرلەمان چالاک نەکراوەتەوە و لایەنەکانیش یەکتر تۆمەتبار دەکەن.