لە سلێمانی "تیرۆرستێک" دەستگیر دەکرێت


دەزگای دژەتیرۆری عێراق راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە دەستگیرکردنی "دوو تیرۆرست" لە سلێمانی و سەڵاحەدین.

سێ شەممە، ١٦ حوزەیران ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "هێزەکانمان بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتیی دژەتیرۆری سلێمانی، دوو ئۆپەراسیۆنی جیاوازیان ئەنجام دا و دوو چەکداری داعشی تیرۆریستیان لە پارێزگاکانی سلێمانی و سەلاحەدین دەستگیرکرد".

دەزگاکە دەڵێ، هەر لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتەدا چەکدارێکی داعش لە پارێزگای ئەنبار دەستگیرکرا.

دژەتیرۆری عێراق باس لەوەش دەکات، بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکان و پۆلیسی پارێزگای موسەننا، "بازرگانێکی مادەی هۆشبەر"یان لەو پارێزگایە دەستگیرکردووە.

لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا هاتووە "بەردەوام دەبین لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات و راوەدوونانی پاشماوەی تیرۆریستان، ئەوەش بە هەماهەنگیی بەردەوام لەگەڵ دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی دیکە".





PM:10:04:16/06/2026