فەرماندەی گشتی هەسەدە، مەزڵوم عەبدی پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردەوە و دەڵێت "شانازی ئەکەم کە ئەمڕۆ لە هەولێر لەگەڵ نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سوریا و عێراق، بەڕێز تۆم باراک و سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێز نێچیرڤان بارزانی کۆبوومەوە".
مەزڵوم عەبدی، سێ شەممە، ١٦ حوزەیران ٢٠٢٦، سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەیان لەگەڵ تۆم باراک و مەزڵوم عەبدی رایگەیاند "باسمان لە پرسە گرنگەکان کرد، دیارترینیان ئەو هەنگاوانە بوو کە دەگیرێنەبەر بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانمان و ئیدارەی خۆسەر بە حکومەتی سوریا، هەروەها بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان بە شێوەیەک کە پرۆسەی سیاسی و سەقامگیری بەهێزتر بکات".
مەزڵوم عەبدی وتوشیەتی "جەختمان لە پاڵپشتیی خۆمان بۆ هەوڵەکانی دژە تیرۆر و پێشخستنی چارەسەرێکی سیاسی هەمەلایەنە لە سوریا کە گەرەنتی بەشداری هەموو پێکهاتەکان لە حکومەت و لە داڕشتنی ئایندەی وڵاتدا کردەوە".
لە بارەی رۆڵی هەرێمی کوردستان موزڵوم عەبدی ئاماژەی بەوەش کردوە "ڕۆڵی پشتیوانانەی هەرێمی کوردستان لە بەرەوپێشبردنی سەقامگیری ناوچەکە و دیالۆگ لەنێوان لایەنەکاندا، کە خزمەت بە ئاسایش و ئارامی ناوچەکە دەکات".
تۆم باراک دوای سەردانەکەی بۆ عێراق و کۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عیراق لەگەڵ هەریەک لە مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، مەزڵوم عەبدی، مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، قوباد تاڵەبانی کۆبوەوە.