شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بەشداری کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ناکات


زیاتر لە چوار مانگە شاناز ئیراهیم ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بەشداری کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی ناکات و "ناکۆکی" لەگەڵ سیاسەتی ئێستای یەکێتی دا هەیە.

بەپێی هەندێک زانیاری کە دەست ماڵپەڕی " سپی میدیا " کەوتووە، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد تێبینی زۆری لەسەر سیاسەت و ژیانی رێکخراوەیی یەکێتی هەیەو رای خۆشی بە سەرۆکی یەکێتی و مەکتەبی سیاسی راگەیاندووە.

ئەو پێیوایە هەڵوەشاندنەوەی مەکتەبەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لەوانە مەکتەبی رێکخستن و خوێندکاران و، دەستوەردان لە یەکێتی ژنانی کوردستان و راگرتنی کارەکانی و گۆڕینی سکرتێرەکەی هەموویان کاری هەڵەن.

هەروەها پێیوایە ئازادکردنی مەلا هەڵو و مەلا کامەران ( کە دوو کەسی ئاینی ناسراون )و لە سەرەتای ئەمساڵدا بۆ چەند رۆژێک دەستگیرکران کارێکی هەڵە بووە.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بۆچوونی بەو شێوەیەیە کە کارا نەکردنەوەی پەرلەمان و پێکنەهێنانی حکومەت دوو کاری هەڵەن.
هەروەها ئەو پێیوایە شاری سلێمانی فەرامۆشکراوە و گوێ لە خەڵکەکەی ناگیرێت.

بەپێی ئەو زانیاریانە، ناوبراو رخنە لە سیاسەتی حزبەکەی دەگرێت بەرامبەر فەرامۆشکردنی ناوچەی بادینان لەلایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوەو، بەکارێکی هەڵەی دەزانێت.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی پێیوایە بەهۆی سیاسەتی چەوتی یەکێتی یەوە، ئێستا پارتی بۆتە هێزی یەکەم نەک تەنها لەسەر ئاستی هەرێم، بەڵکو بۆتە هێزی یەکەم لەسەر ئاستی هەرچوار پارچەی کوردستان.




PM:02:51:17/06/2026