ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەبارەی خانەنشینانەوە بڕیارێکی دەرکرد


ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، کۆبوونەوەو چەند بڕیارێکی گرنگی لە بارەی خانەنشینان و پارەی گەنمی جوتیاران و خەرجی حاکیمە دەرکرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران باسی لە دۆخی ئەو فەرمانبەرانە کرد کە خانەنشین بوون و هێشتا مووچەی خانەنشینییان وەرنەگرتووە. لەم بارەیەوە، جەخت لەسەر گرنگی چارەسەرکردنی ئەم بابەتە بە شێوەیەکی خێرا و یاسایی کرایەوە و ڕاسپاردەی پێویست بە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان درا تا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدڕاڵ، هەموو هەنگاوە یاسایی و کارگێڕییەکان بگرنەبەر بۆ دابینکردنی مووچەی خانەنشینی.

بابەتی وەرگرتنەوەی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ وەرزی چاندنی ئەمساڵ لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە، لە چوارچێوەی پلانی ساڵانەی وەرگرتنی گەنم، بە وردی تاوتوێ کرد.

دوای گفتوگۆی فراوان و ڕاگۆڕینەوەی بۆچوونەکان، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، پەیوەندی و هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدڕاڵ بەردەوام بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم وەرگرتنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستاندان. 

ئەنجومەنی وەزیران هەروەها جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی حکومەتی فیدڕاڵ، وەک لایەنی بەرپرسیار، پێویستە پلانی وەرگرتنەوەی گەنمی جووتیاران، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و یەکسان جێبەجێ بکات و لە هەمان کاتدا، تایبەتمەندی و پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستانیش لەبەرچاو بگرێت.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەدا، بابەتی شایستەبوونی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ خانەنشینی تاوتوێ کرا. ئەو ئەندامانەی مەرجە یاساییەکانی تەمەن و ماوەی خزمەتی پێویست بۆ خانەنشینییان تەواو کردووە، بۆ ئەوەی بە گوێرەی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکانی خانەنشینی، مافی تەواوی خانەنشینییان هەیە و دەبێت ئەم مافەیان پارێزراو بێت.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆیەکی وردی لەسەر خەرجییەکانی بودجەی حاکیمە کرد؛ ئەو خەرجیانەی لە بودجەی گشتی فیدڕاڵییەوە بۆ هەرێم تەرخان دەکرێت، لەوانەش بابەتی پسووڵەی خۆراک و سەبەتەی خۆراکیی مانگانە.

ئەنجومەنی وەزیران، لەگەڵ پشتگیریکردنی لە هەنگاوەکانی حکومەتی فیدڕاڵ بۆ چاکسازی و ڕێکخستنەوەی سیستەمی سەبەتەی خۆراک، جەختی لەسەر مافی هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ وەرگرتنی بەشی شایستە و یاسایی خۆی لە خەرجییە حاکیمەکان، وەک خۆراک، دەرمان، بەبازاڕکردنی گەنم، پشتیوانیی وزە و کارەبا و هتد، بە شێوەیەک کە هاووڵاتیانی هەرێم بە تەواوی سوودمەند بن.




PM:04:30:17/06/2026