لەرووباری سیروان کەسێک خنکاو تەرمی دوو خنکاوی تر دۆزرانەوە


خنکانی گەشتیاران لەکەنار ئاو و سەیرانگاکانی هەرێمی کوردستان درێژەی هەیە، ئەمڕۆش کەسێک لە گەرمیان لە رووباری سیروان خنکا، لەلایەکی ترەوە ئەمڕۆ تەرمی ئەو منداڵە کچە عەرەبەی کەربەلای دۆزرایەوە، هەروەها تەرمی پێشمەرگەیەکیش کە چەند رۆژێکە خنکاوە دۆزرایەوە.

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئیبراهیم محەمەد، وتەبێژی بەرگری شارستانی گەرمیان رایگەیاند " لەسەر رووباری سیروان کەسێک خنکاوە و تاوەکو ئێستا ئاسەواری دیار نییە".

لە درێژەی لێدوانەکەیدا دەڵێت" تیمەکانمان بەردەوامن لە گەڕان بەدوایداو هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین بۆ دۆزینەوەی".

هەر ئەمڕۆش تیمەکانی بەرگری شارستانی هەڵەبجە رایانگەیاند کە تەرمی رەقیقە رافدی کچە منداڵی خەڵکی کەربەلا کە لە ئاوی خورماڵدا خنکا، تەرمەکەی دۆزرایەوە، بەڵام لەژێر ئاوەکەدا لەنێوان بەردەکاندا گیریخواردەوەو دەرنەهێنراوەتەوە.

لە لایەکی ترەوە ئەمڕۆ لە گۆمەسپان تەرمی ئەو پێشمەرگەیە دۆزرایەوە کە چەند رۆژێکە خنکاوە.

ئامارە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تا ئێستا ئەم ساڵ نزیکەی ٣٠ کەس لەلقی رووبار و دەریاچەکانی هەرێمدا خنکاون. 




PM:05:19:17/06/2026