مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەش دەکرێت

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٨ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا وادەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایاری بۆ مامۆستایانی گرێبەست و بەشێک لە فەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست ئاشکرا کرد.

بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتەکە، پرۆسەی دابەشکردنی مووچەکە لە ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ـی حوزەیران دەستپێدەکات و تاوەکو ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٥ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦ بەردەوام دەبێت، کە تێیدا مووچەی مانگی ئایاری مامۆستایانی گرێبەست لە وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دابەش دەکرێت، هاوشان لەگەڵ سەرجەم ئەو فەرمانبەرە گرێبەستانەی کە تەمویلی مووچەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا ڕوونکراوەتەوە کە لە هەمان ماوەدا، مووچەی مانگی ئایاری سەرجەم ئەو فەرمانبەرە هەمیشەیی و گرێبەستانەش دابەش دەکرێت کە لە دوای ڕێککەوتی ١-٧-٢٠٢٤ـەوە لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراون و شایستە داراییەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێم خەرج دەکرێت.




AM:10:39:18/06/2026