ئەمریکا و سوریا پێشنیازی گواستنەوەی هێزەکانی ''یەپەژە'' بۆ ناو دەزگای ئاسایش دەکەن

فەرماندەیی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی ژنان یەپەژە ئاشکرای کرد کە لە لایەن نوێنەری تایبەتی ئەمریکا، وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە و حکومەتی سوریاوە، پێشنیازی فەرمییان پێشکەشکراوە بۆ گواستنەوە و تێکەڵکردنی هێزەکانیان لەناو دەزگای ئاسایشی ناوخۆ ئاسایش دا.

یەپەژە ڕایگەیاندووە'' ئەوان تەنها بە مەرجی پاراستنی خۆبەڕێوەبەری لە ناوچە کوردییەکان و دابینکردنی گەرەنتیی دەستووری بۆ مافەکانی ژنان، ئامادەن ئەو پێشنیازانە قبوڵ بکەن.''

ئەم زانیارییانە لە میانی پانێڵێکی ئۆنلایندا هاتن کە لە لایەن (ئینستیتیوتی ئاشتیی کوردی)یەوە ڕێکخرابوو، کە تێیدا ڕۆژهلات عەفرین، فەرماندەی گشتیی یەپەژە و ڕوکسەن محەمەد، وتەبێژی هێزەکە، پاشەڕۆژی یەکینەکانیان و مۆدێلی گونجاوی تێکەڵبوونیان لە چوارچێوەی پرۆسەی سیاسیی سوریادا تاووتوێ کرد.

ڕۆژهلات عەفرین ئاماژەی بەوە کرد کە لە کۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای دیمەشق، حکومەتی سوریا پێشنیازی بەشداربوونی یەپەژەی لەناو هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆدا کردووە. عەفرین ڕوونی کردەوە کە ئەوان لە وەڵامدا داوای پاراستنی خۆبەڕێوەبەریی خۆیان لە ناوچە کوردییەکاندا کردووە و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە دەبێت ڕۆڵی ژنان لەسەر بنەمای پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و بە گەرەنتیی دەستووری بپارێزرێت، چونکە نەمانی هێزی خۆپاراستنی ژنان مەترسی بۆ سەر پاشەڕۆژ دروست دەکات.

سەبارەت بە پێشنیازەکەی ئەمریکاش، فەرماندەی گشتیی یەپەژە ئاشکرای کرد کە هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ تیمەکەی تۆم باراک، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا و عێراق کۆبوونەتەوە.

تیمی ئەمریکی بەهۆی هەستیاریی دۆخی سوریاوە پێشنیازێکی هاوشێوەیان پێشکەش کردوون تاوەکو یەپەژە لەناو هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆدا جێگەی ببێتەوە. یەپەژە ڕایگەیاندووە کە گفتوگۆکانیان بەردەوامن و بابەتەکە دووبارە لەگەڵ بەرپرسانی سوریا و وەزارەتی بەرگری تاووتوێ دەکەنەوە بۆ دابینکردنی بنەمایەکی یاسایی و دەستووری بۆ ژنان.







AM:11:15:18/06/2026