نزیکەی مانگێکە هیچ دۆسییەکی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی (بە هەموو جۆرەکانیەوە) نانێردرێت بۆ دادگای تێهەڵچوونەوەی هەرێم لە هەولێر، هەر چەندە بەرپرسێکی باڵای دادگای سلێمانی ئەو زانیارییە ڕەت دەکاتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەری (سپی)، ماوەی مانگێکە هیچ دۆسییەکی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی نانێردرێت بۆ دادگی تێهەڵچوونەوەی هەرێم، ئەمەش بۆتە هۆی پەکخستنی دۆسییەکان، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە دادگای تێهەڵچوونەوەی هەرێم دۆسیەکان دەنێرێتەوە بۆ دادگای سلێمانی ( ئەم هەنگاوەش هەرێم بەرەو دوو ئیدارەی دەبات).
ماڵپەری (سپی) پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە، پەیوەندی کرد بە دادگای سلێمانی، بەرپرسێکی باڵا لە دادگاکە ئەم زانیاریانەی ڕەتکردەوە، بەڵام چەند پارێزەرێک پەیوەندیان بە سپی کردوە جەختیان کردوە کە کارەکانیان بەم شێوەیە بەڕێوە ناچێت.
هەندێک زانیاری نافەڕمی ئاماژە بەوەدەکەن کە نەناردنی ئەم دۆسیانە پەیوەندی بە دۆسییەی لاهوری شێخ جەنگی و هاوڕێکانیەوە هەیە.
لە سەردەمی دوو هاوسەرۆکی لەناو یەکێتیدا کە لاهوری شێخ جەنگی کەسی باڵا دەستی ناو یەکێتی بوو، هەوڵیدا دادگایەکی تەمیز لە سلێمانی و ناوچەکانی دروست بکات سیستەمی یاسای لە سلێمانی پەیوەندی بە هەولێرەوە نەمێنێت، بەڵام ئەو هەنگاوە شکستیهێنا.