ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی بەسەرۆکایەتی شاندێکی ئەمنیی گەیشتووەتە سلێمانی

شاندێکی باڵای ئەمنیی عێراق بەسەرۆکایەتیی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی گەیشتە سلێمانی و لەبارەی چەند پرسێک لەوانەش دۆخی ئەمنی سنوورەکان، لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنیی پارێزگاکەدا کۆدەبێتەوە.

نووسینگەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بڵاویکردەوە، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی بەسەرۆکایەتی شاندێکی ئەمنیی گەیشتووەتە پارێزگای سلێمانی.

هاوکات لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی، قاسم ئەعڕەجی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان کۆدەبێتەوە و وتیشی، ئەوان وەک لیژنەی باڵای ئەمنی عێراق و ئێران و هەروەها بۆ پرسی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لێرەن و لە ڕۆژانی داهاتووشدا بۆ ئەو مەبەستە سەردانی هەولێر دەکەن.

لە ١٩ی ئاداری ٢٠٢٣ رێکەوتنێکی ئەمنی لەنێوان ئێران و عێراق واژۆ کرا کە پوختەی ناوەرۆک، میکانیزم و دەرەنجامەکانی ئەم ڕێککەوتنە بەم شێوەیەیە:

١. خاڵە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنەکە

- دوورخستنەوە لە سنوورەکان: عێراق پابەند کراوە بەوەی ڕێگری بکات لەوەی خاکەکەی (بەتایبەت هەرێمی کوردستان) بەکاربهێنرێت بۆ هێرشکردنە سەر ئێران. بۆیە دەبوو هێزەکانی ڕۆژهەڵات لە ناوچە سنوورییە شاخاوییەکان (وەک برادۆست، کۆدۆ، سیدەکان و پێنجوێن) بکشێنرێنەوە.

- پرۆسەی چەککردنی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان

- گواستنەوە بۆ کەمپی مەدەنی: جێگیرکردنی پێشمەرگە و خێزانەکانیان لە کەمپگەلی دەستنیشانکراو و دوور لە سنوور کە لە ژێر چاودێری حکومەتی فیدراڵی عێراقدا بن (هاوشێوەی پێگەی پەنابەرێتی).

کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان: جێگیرکردنی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق (سەر بە بەغدا) لەسەر هێڵە سنوورییەکان لەگەڵ ئێران.

حکومەتی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەنگاوی کردارییان نا بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە بۆ ئەوەی ڕێگە لە هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی ئێران بگرن:

چۆڵکردنی بارەگاکان: حیزبەکانی ڕۆژهەڵات (بەتایبەت باڵەکانی کۆمەڵە و حیزبی دیموکراتی کوردستان) زۆربەی بنکە سەربازییەکانی خۆیان لە سەر سنوورەکان چۆڵ کردووە.

گواستنەوە بۆ کەمپەکان: بەشێکی زۆری هێزەکان و خێزانەکانیان بۆ کەمپەکانی ناو قوڵایی خاکی هەرێم (وەک کەمپەکانی نزیک سلێمانی و کۆیە) گواستراونەتەوە و چالاکییە سەربازییەکانیان ڕاگیراوە یان بە تەواوی سنووردار کراوە.

ئەم حیزبانە بۆ پاراستنی سەلامەتی ئەندامەکانیان و ڕێزگرتن لە دۆخی قەوارەی هەرێمی کوردستان، ڕەزامەندییان نیشان دا کە خەباتی چەکداری لەسەر سنوورەکان ڕابگرن و زیاتر گرنگی بە خەباتی سیاسی و مەدەنی ناوخۆی ڕۆژهەڵات بدەن.

٣. گوشارە بەردەوامەکانی ئێران

ئێران لە ڕێگەی سەردانی بەردەوامی بەرپرسانی ئەمنییەوە بۆ بەغدا و هەولێر، چاودێری وردی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەکات. تاران چەندین جار هەڕەشەی ئەوەی کردووە ئەگەر چەککردن و کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی ئەم گرووپانە بە دڵی ئەو نەبێت، خۆی ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی سەربازییەوە هێرش دەکاتەوە سەر بارەگاکانیان.

ئەمەش لەکاتێکدایە سەرەڕای جێبەجێکردنی بەشێک لە رێکەوتنەکە و لە کاتی شەڕێ ئێران و ئەمریکا و لە کاتی ئاگربەستەکانیشدا و هەتا ئێستاش کەمپەکانی حیزبەکانی رۆژهەڵات بەردەوام لە لایەن ئێرانەوە دەکرێنە ئامانجی و موشەک و درۆن.




PM:02:08:18/06/2026