نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنەکەسە کۆبووەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی لە سوریا (ئەنەکەسە) کۆبووەوە و گرنگی بەشداريی کورد لە پرۆسەى سیاسی و یاسایی و کارگێڕییەکانی سوریایان تاوتوێ کرد.

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی لە سوریا (ئەنەکەسە) کۆبووەوە، جەختیان لە گرنگی بەشداريی کورد لە پرۆسەی سیاسی و دامەزراوە سیاسی، یاسادانان و کارگێڕییەکانی سوریادا کردەوە، وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ مسۆگەرکردنی مافە ڕەواکانیان.

لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا جەختیان لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندی و هاوکاریی هاوبەش لەگەڵ دیمەشق، لە پێناو دۆزینەوەی چارەسەرێکی گشتگیر بۆ کێشە سیاسییە هەڵپەسێردراوەکان، بەو شێوەیەی کە ئاساییش و سەقامگیری بپارێزێت کردەوە.

هاوکات، دوایین پێشهاتەکانی سوریا، بارودۆخی کورد و ناوچە کوردییەکان لەو وڵاتە، لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی ئەنجوومەنی گەل له‌ سوريا تاوتوێ کران، لەو چوارچێوەیەدا، نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر ڕۆڵ و ئامادەیی کاریگەری ئەنەکەسە و گرنگیی یەکهەڵوێستیی کورد لە سوریا و بەردەوامیی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی نێوان سەرجەم لایەنە کوردییەکان کردەوە.

هەروەها، مەترسییەکانی داعش و جموجوڵەکانی ئەم دواییەی لە ناوچەکەدا، گرنگی سەردانەکەی تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریا بۆ هەولێر و کۆبوونەوەى هاوبەشی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و مەزڵووم عەبدی، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەیان بوو.




PM:04:14:18/06/2026