شاندێکی باڵای وەزارەتی
بەرگریی عێراق بە مەبەستی دانانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە کێڵگە نەوتییەکانی
هەرێم، سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
شاندەکە کە ئەمڕۆ پێنجشەممە،
١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ گەیشتووە، لەلایەن فەریق روکن سەعد عەلی عاتی، یاریدەدەری
سوپاسالاری عێراق بۆ کاروباری ئۆپەراسیۆنەکان سەرۆکایەتی دەکرێ و ئامانجی سەردانەکەش
بەگوێرەی راگەیەنراوی وەزارەتی بەرگریی عێراق روونکراوەتەوە، "بۆ دابینکردنی
پاراستنی ئاسمانیی دامەزراوە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانە".
شاندەکە لەلایەن رێبەر
ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لێکرا و دواتر بەرەو کێڵگە نەوتییەکانی
هەرێمی کوردستان بەڕێکەوتن.
لەمبارەیەوە شێروان
دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، راگەیاند:
"شاندەکە تەکنیکییە، بۆ دانانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە کێڵگە نەوتییەکان سەردانی
هەرێمی کوردستانی کردووە و هەموو کێڵگە نەوتییەکان بەسەر دەکەنەوە و بەشێوەیەکی مەیدانی
لە پێیویستیان دەکۆڵنەوە."
ئەو ئەندامەی لیژنەی
ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد: سیستمی بەرگریی ئاسمانیییەکە،
ئەمریکییە، ویلایەکگرتووەکانی ئەمریکا دەیداتە عێراق و حکومەتی عێراقیش رادەستی هەرێمی
کوردستانی دەکات بۆ ئەوەی لە کێڵگە نەوتییەکان دابنرێت و پارێزگاری لەو کێڵگانە
بکات.
وتیشی "بڕیارە لە
هەفتەی داهاتووەوە کۆمپانیاکانی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست بەرهەمهێنان و زیادکردنی
بەرهەمهێنانی نەوت بکەنەوە و لە قۆناخی یەکەمدا نزیکەی ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە
رەوانەی بەندەری جەیهانی تورکیا بکرێت و دواتر بەگوێرەی توانا بڕەکەی زیاد دەکرێت".
ئەو پەرلەمانتارە راشیگەیاند،
رۆژی دووشەممەی رابردوو، باسم محەممەد خزەیر عەبادی، وەزیری نەوتی عێراق، نووسراوی
بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە لەبارەی پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی
کوردستان.