بەپێی ئامارەکانی بەشی وزە نوێبووەکانی بەڕێوبەرایەتیی تەکنیک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی، دانانی سیستمی کارەبای وزەی خۆر (سۆلار) ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڕوو لە زیادبوونە.
کۆی گشتیی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر لە سنوورەکەدا تاوەکو ڕێککەوتی ١٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ گەیشتووەتە زیاتر لە ٩٧ مێگاوات کارەبا.
داتاکان پیشاندەدەن کە تاوەکو ڕێککەوتی ١٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، ژمارەی ئەو هاوبەشانەی کارەبا کە سیستمی سۆلاریان داناوە و لە بەشی وزە نوێبووەکاندا تۆمارکراون، گەیشتووەتە ٤،٠٦١ هاوبەش و بڕی بەرهەمهێنانی کارەبایان بووەتە ٩٦.١٤٠ مێگاوات.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە ڕێککەوتی ٦ی ئایاری ٢٠٢٦دا، ژمارەی هاوبەشەکان ٣،٧٤٦ بووە و بەرهەمی کارەباکەیان ٩١.٦٢٣ مێگاوات بووە.
سەبارەت بە جۆری هاوبەشەکان، ئامارەکان ڕوونی دەکەنەوە کە تاوەکو ناوەڕاستی ئەم مانگە، ئەو لایەنانەی سیستمەکەیان جێگیرکردووە پێکهاتوون لە ٣،٣٥٤ هاوبەشی ماڵان، ٥٧٩ هاوبەشی بازرگانی، ١٥ هاوبەشی پیشەسازی، ١٠٦ هاوبەشی کشتوکاڵی، و ٧ هاوبەشی میریی (حکومی).