خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وتووێژێکی تیشکی خستە سەر لێکتێگەیشتنی ئەمدواییەی نێوان تاران و واشینگتۆن و ڕایگەیاند'' ئەم ڕێککەوتنە سەرەتاییە تەنیا بۆ بەردەوامبوونی دانوستانەکانە لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا. عەزیزی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم دۆخە دەرەنجامی ماندووبوونی هەردوو لایەنە لە شەڕ، بەڵام لەم هاوکێشەیەدا خەڵکی ئێران و ئۆپۆزسیۆن بە تەواوی غایب بوونە.''
وتەبێژی حیزبی دێموکرات ڕوونی کردەوە کە دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ سەرنجی سەرەکیی لەسەر پرسی ئەتۆمی و دابینکردنی ئەمنییەتی ئیسرائیل بووە، نەک ڕووخاندنی ڕێژیمی ئێران. ناوبراو جەختی کردەوە کە نەبوونی ئاڵتەرناتیڤێکی دیار لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە لە گەرمەی شەڕدا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەستەوستان کردووە و وای کردووە تەنیا داوای گۆڕینی ڕەفتار لە تاران بکەن.
سەبارەت بە دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کەمپەکانی حیزب، خالید عەزیزی ڕایگەیاند'' حیزبەکەیان پێشتریش هاوکێشەی زۆر سەختتری وەک شەڕی ئێران و عێراق، مووشەکباران و تێرۆری ڕێبەرانی تێپەڕاندووە.''
وتیشی'' هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر کەمپەکان تەنیا بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتیی ناوخۆی ئێرانە، و دڵنیایی دا کە لە چوارچێوەی یاسا و سەروەریی عێراقدا لەگەڵ بەغدا و هەولێر لە گفتوگۆدان و خاکی عێراق بۆ هێرشکردن بەکار ناهێنن.''
لە کۆتاییدا، عەزیزی ستراتیژی داهاتووی حیزبی دێموکراتی لە دوای قۆناغی شەڕدا لە چوار تەوەردا کورت کردەوە کە بریتین لە بەهێزکردنی چالاکیی مەدەنی لە نێوخۆ، ڕێکخستنی یەکڕیزی لەگەڵ گەلانی ئێران، دیپلۆماسیی کارا، و ناسینی کەلێنەکانی ناو خودی نیزام.