زانکۆی سلێمانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر د. عەبدولەتیف سەلەفی پێکدەهێنێت


زانکۆی سلێمانی لە راگەیاندنێکدا ئاشکرای دەکات کە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لەسەر لەسەر ئەو دەنگۆیانە پێکهێناوە کە دەربارەی د. عەبدوللەتیف سەلەفی کە مامۆستای زانکۆکەیانە بڵاوکراونەتەوە.

لەڕاگەیاندنەکەی زانکۆی سلێمانی هاتووە" سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی وەک دامەزراوەیەکی ڕەسمی و ئەکادیمی، جەخت لەسەر پاراستنی پڕەنسیپەکانی یاسا و شەفافییەت دەکاتەوە لە بەدواداچوون بۆ هەر دەنگۆ یان دۆسیەیەک کە پەیوەندیی بە مامۆستایان یان فەرمانبەرانی زانکۆوە هەبێت".

" سەبارەت بەو دەنگۆیانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەسەر (د. عەبدوللەتیف ئەحمەد مستەفا، مامۆستای کۆلێجی زانستە ئیسلامییەکان) بڵاوبوونەتەوە، سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی وەک دامەزراوەیەکی ڕەسمی، بەگوێرەی ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییە بەرکارەکان، ڕێکاری پێویستی گرتووەتەبەر و ڕۆژی پێنجشەممە لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوەی پێکهێناوە". ( سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی لە راگەیاندنەکەیدا هاتووە).

هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە، ئەم لیژنەیە بە چاودێریی داواکاری گشتیی کارەکانی خۆی ئەنجام دەدات، لەم سۆنگەیەوە، زانکۆی سلێمانی بە وردی بەدوای دەرخستنی ڕاستییەکاندا دەچێت و پڕۆسەی لێکۆڵینەوەکە تا گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی بەردەوام دەبێت، هاوكات هەر جۆرە کەمتەرخەمییەک هەبێت، بەپێی یاسا لێپێچینەوەی بەرامبەر دەکرێت.

لە کۆتایی راگەیاندنەکەدا هاتووە" دەرەنجامی کارەکانی ئەم لیژنە هەرچییەک بێت، بەشێوازێکی شەفاف بۆ ڕای گشتی بڵاودەکرێتەوە".

چەند رۆژێکە دوو فایلی مەسینجەری عەبدولەتیف سەلەفی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە کە وتوێژ لەگەڵ خوێندکارێکیدا دەکات و باس لە خۆگۆڕین و چوونی بۆ باخەکەی عەبدولەتیف دەکات. پێش چەند ساڵێک لەمەوبەر ناوبراو بە هەمان شێوە پەیوەندی لەگەڵ ئافرەتێکی خاوەن هاوسەردا دروستکرد و دواتر ژیانی هاوسەری لەگەڵدا پێکهێنا.





PM:08:52:19/06/2026