گومرگی سلێمانی: لە سیستمی ئەسیکۆدا بەهای راستەقینەی کاڵا دیاری دەکرێت


بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی سلێمانی، قادر پیرۆت لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بۆ میدیاکان زانیاری سەبارەت بە کاریگەری سیستمی ئەسیکۆدا لەسەر نرخی کاڵاکان ئاشکرا دەکات.

شەممە، ٢٠ حوزەیران ٢٠٢٦، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی سلێمانی رایگەیاند "لە سیستمی ئەسیکۆدا ڕەسمی گومرگی کاڵاکان زیاد نەکراوە، بەڵکو تەنیا بەهای ڕاستەقینەی کاڵاکان دیاری دەکرێت، بۆ نموونە، ئەگەر پێشتر ئۆتۆمبێلێکی ٥٠هەزار دۆلاری بە بەهای ٣٠ هەزار دۆلار تۆمار کرابێت، ئێستا دەبێت بەپێی پسوڵەی کڕین و بەهای ڕاستەقینەی خۆی تۆمار بکرێت، لە کاتێکدا ڕێژەی گومرگەکە وەک خۆی لە ٪١٥ ماوەتەوە".

 لەبارەی کاریگەری ئەم سیستەمە لەسەر نرخی پێداویستییەکان قادر پیرۆت وتی "لە مەودایەکی درێژدا، ئەم سیستمە کاریگەریی نەرێنی لەسەر نرخەکان نابێت، بەهۆی ئەوەی بازرگانان دۆلار بە هەرزانتر وەردەگرن، دەتوانن کاڵاکان بە نرخێکی گونجاوتر بگەیەننە دەستی هاوڵاتییان، ئەمەش وادەکات پاش چەند مانگێکی دیکە و دوای سەقامگیربوونی سیستمەکە، نرخەکان لە هەموو بازاڕەکاندا تاڕادەیەکی زۆر یەکسان ببن و هاوڵاتییان لێی سوودمەندبن".

بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد "بازرگانەکان دۆلاریان بە نرخی فەرمیی بانکی ناوەندی پێ دەدرێت، بەوپێیەی ئەمڕۆ ٢٠ی حوزەیران، جیاوازیی نێوان نرخی بازاڕ و نرخی فەرمی بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێک گەیشتووەتە ٢٣ هەزار دینار، پێدانی دۆلاری فەرمی بە بازرگانان ئەو جیاوازییەی بەهای کاڵاکان پڕ دەکاتەوە و باری داراییان گران ناکات". 

سیستمی ئەسیکۆدا لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە دەروازە سنوورییەکانی حکومەتی عێراق جێبەجێ کراوە. لە ئێستاشدا هەولێر و بەغداد لەسەر کۆنووسی جێبەجێکردنی سیستمەکە لە هەرێمی کوردستان ڕێککەوتوون. بڕیارە پاش ڕەزامەندیی کۆتایی ئەنجوومەنی ئابووریی حکومەتی عێراقی، سیستمەکە لە تەواوی دەروازەکانی هەرێمی کوردستانیش بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.




PM:02:15:20/06/2026