سەرۆکی گشتیی دادگای پارێزگای ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ناسر عەتەباتی لە میدیاکانی ئێرانەوە ژمارەی دەستگیرکراو و لە سێدارە دانەکانی پارێزگاکەی ئاشکراکرد لە کاتی دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران تا ئێستا.
شەممە، ٢٠ حوزەیران ٢٠٢٦، سەرۆکی گشتیی دادگای پارێزگای ورمێ رایگەیاند "لە ماوەی دەستپێکی جەنگ (٢٨ شوبات ٢٠٢٦) و ئاڵۆزییە سەربازییەکان لە پارێزگای ورمێ ٤٨٠ کەس دەستبەسەرکراون و ٣ کەسیش بە تۆمەتی ئەمنی لە سێدارە دراون، هەروەها پرۆسەی ناسینەوە و گرتنی هاوڵاتییان هێشتا بەردەوامە".
ئەو بەرپرسەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پارێزگای ورمێ ئاماژەی بەوەشکرد کە "١٠ کەس لە دەستبەسەرکراوان سزای قورسی وەک لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، هەروەها فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی تهواوی دارایی و سامانی ١٢٩ هاوڵاتیی دەرکراوە، کە بەشێکە لە سیاسەتی نوێی فشار لەسەر تۆمەتبارانی ئەمنی".
ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر وتەبێژی دەزگای دادوەریی گشتی ڕایگەیاندبوو، لەسەرانسەری وڵاتدا ٣ هەزار و ١٢١ کەس بە تۆمەتی ئەمنی کەوتوونەتە بەر لێپرسینەوە.