رێکەوتنێکی ستراتیژیی نوێ لە نێوان بەغدا و هەولێردا رادەگەیەنرێت

لە هەنگاوێکی گرنگدا بەرەو چاکسازیی ئابووری، حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێم بەرەو یەکخستنی تەواوەتی سیستمی گومرگی و دەروازە سنوورییەکان هەنگاو دەنێن و راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش، ئەم بڕیارەی وەک نەخشەڕێگەیەکی بنەڕەتی بۆ بەهێزکردنی داهاتی نانەوتی وەسف دەکات.

بە وتەی مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەم هەنگاوە تەنها ڕێککەوتنێکی کارگێڕی سادە نییە، بەڵکو گۆڕانکارییەکی ڕیشەیییە لە بەڕێوەبردنی سنوورەکاندا. گرنگترین خاڵەکانی ئەم چاکسازییە بریتین لە:

یەکخستنی ڕسوومات و پێناسەی گومرگی: ڕێگری لە فرەسیاسەتی و قاچاخچێتی دەکات کە ساڵانێکە زیانی گەورەی لە دارایی گشتی داوە.

بەئەلیکترۆنیکردنی دەروازەکان: سەرجەم خاڵە سنوورییەکان بە تۆڕێکی ئەلیکترۆنیی ناوەندییەوە دەبەسترێنەوە، ئەمەش ڕێگە دەدات جووڵەی کاڵاکان لە ساتەوەختی خۆیدا چاودێری بکرێت و بنبڕی گەندەڵی بکرێت.

بووژانەوەی بازاڕ: بەهۆی نەهێشتنی باجی دووبارە، متمانەی وەبەرهێنەران دەگەڕێتەوە و بنەمای یەکێتیی بازاڕی عێراقی بەهێزتر دەبێت.

لەکۆتاییدا، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی کردەوە کە سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە خەزێنەی دەوڵەت لەژێر ڕەحمەتی بەرزبوونەوە و دابەزینی نرخی نەوت ڕزگار دەکات؛ چونکە بە فراوانکردنی بنکەی گومرگی و داخستنی کەلەبەرە داراییەکان، عێراق دەتوانێت پەرە بە سەرچاوە ناوخۆییەکانی بدات و ژینگەیەکی سەقامگیر بۆ گەشەپێدانی بازرگانی بڕەخسێنێت.




AM:10:03:21/06/2026