وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق نزیکبوونەوەی
وادەی کاراکردنی پلانی ساڵانەی قەرزی سندوقی نیشتەجێبوونی بۆ هاوڵاتیان ڕاگەیاند. وتەبێژی
وەزارەتەکەش دەڵێت ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتدایە بۆ پاڵپشتیکردنی
کەرتی نیشتەجێبوون و هاوکاریکردنی ئەو کەسانەی دەیانەوێت خانوو دروست بکەن.
ئیستبرەق سەباح، وتەبێژی فەرمی وەزارەتەکە ڕایگەیاند:
"ئەم پلانە نوێیە هاوتەریبە لەگەڵ ستراتیژی دەوڵەت بۆ دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی
گونجاو. قەرزەکان بەبێ هیچ سوودێکی دارایی دەدرێن و بڕی پارەکەش بەپێی پێشکەوتنی قۆناغەکانی
دروستکردنی خانووەکە بەسەر خاوەنەکەیدا دابەش دەکرێت."
وتەبێژی وەزارەت ڕوونکردنەوەی زیاتری دا و ئاماژەی بەوەدا کە
سندووقەکە پشت بەو پارانە دەبەستێت کە لە قەرزارانی پێشوو وەردەگیرێنەوە، بۆ ئەوەی
دووبارە بخرێنەوە گەڕ و بدرێن بە هاوڵاتیانی نوێ تا وەڵامی ئەو خواستە زۆرە بدرێتەوە.
وتیشی؛ لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، سندووقەکە بەردەوام
بووە لە ڕاییکردنی کاروباری کڕیارانی پێشوو، کە نزیکەی ٧,٠٠٠ مامەڵە دەبن و گەیشتوونەتە
قۆناغی کۆتایی.
پرۆسەی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ ئەم قەرزە تەنها یەکجار لە
ساڵێکدا دەکرێتەوە و تەنها چەند ڕۆژێکی کەم دەخایەنێت. بۆ ڕێگریکردن لە لۆد و قەرەباڵغی
سەر سیستمی ئەلیکترۆنی، وەزارەت بۆ هەر ٤ تا ٥ پارێزگایەک تەنها یەک ڕۆژ دیاری دەکات
بۆ خۆتۆمارکردن.