حکومەتی عێراق دڵنیای لە ناردنی مووچە دەدات

‌حەیدەر عەبودی، کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی

وتەبێژی حکوومەتی عێراق، حەیدەر عەبودی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا باسی ناردنی مووچە فەرمانبەرانی هەرێم و دۆزینەوەی چەند بیرە نەوتێک لە هەرێمی کوردستان دەکات.

یەک شەممە، ٢١ حوزەیران ٢٠٢٦، وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند "پرسی نەوتی هەرێمی کوردستان پەیوەندیدارە بە پرسی مووچەی مووچەخۆرانەوە، واتە ناردنی نەوت بەردەوام بێت، ناردنی مووچەی مووچەخۆرانیش بەردەوام دەبێت، سەرەڕای پابەندبوون بە سیستمی ئەسیکۆدا".

"عێراق هیچ قەرزێکی دەرەکی بۆ مووچە نەکردووە، بەڵام عێراق کێشەی پارەی کاشی هەیە و قەیرانی دارایی کاتییە و دوای کردنەوەی گەرووی هوورمز چارەسەر دەبێت"، حەیدەر عەبودی 
وا دەڵێت.

وتەبێژی حکومەتی عێراق لەبارەی سەردانەکەی عەلی زەیدی وتی " کابینەی حکومەت پێش سەردانی سەرۆک وەزیران بۆ واشنتن تەواو دەبێت و تەوەری سەرەکیی سەردانەکەی زەیدی بۆ ئەمریکا پرسی ئابوورییە".

حەیدەر عەبودی ئاشکرایکرد کە "بودجەی ٢٠٢٧ لە مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوو ئامادە دەبێت".

لەبارەی پرسی نەوتەوە، حەیدەر عەبودی ئاشکرایکرد، وەزارەتی نەوتی عێراق کار لەسەر نۆژەنکردنەوەی بۆریی نەوتی کەرکوک - جەیهان و کەرکوک - بانیاس دەکات، بۆ یەکەم جار وەزارەتی نەوتی عێراق ژمارەیەک بیرە نەوتی نوێی لە هەرێمی کوردستان دۆزیوەتەوە بێ خستنەڕووی زانیاریی زیاتر لەسەر شوێنەکانیان.

هەفتەی رابردوو لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی ئەم مانگە رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کران.




PM:02:30:21/06/2026