کێشەی کەم ئاوی گەڕەکەکانی سلێمانی چارەسەر دەکرێت


بەڕێوبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی، بەختیار تاهیر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی کەم ئاوی لە چەند گەڕەکێکی سلێمانی ئاماژە بە گەیشتنی سێ پەمپی نوێ لە ئەمریکاوە بۆ پڕۆژەی ئاوی دووکان دەکات.

یەک شەممە، ٢١ حوزەیران ٢٠٢٦، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی رایگەیاند "ئەو سێ پەمپەی کە بۆ هێڵی دووەمی پڕۆژەی ئاوی دووکان - سلێمانی کڕدرابوون، گەیشتوونەتە پێگەی سەرەکیی پڕۆژەکە لە دووکان. ئەم پەمپانە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کڕدراون تاوەکو بخرێنە شوێنی ئەو پەمپانەی کە پێشتر لەکارکەوتبوون و ببوونە هۆی دروستبوونی قەیرانی کەم ئاوی لە بەشێکی زۆری گەڕەکەکاندا".

ئەو بەرپرسەی ئاو وتیشی "ئەگەرچی پەمپەکان گەیشتوون، بەڵام ئێستا پێویستیان بە دابینکردنی بودجەی تایبەت هەیە بۆ پڕۆسەی بەستن و جێگیرکردنیان. پەمپەکان دەدرێنە بەڵێندەر و پاش دابینکردنی پارەی پێویست، دەست دەکرێت بە لادانی پەمپە لەکارکەوتووەکان و دانانی ئەمانەی نوێ لە شوێنیان، کە ئەمەش پڕۆسەیەکی تەکنیکی وردە".

"بەستنی ئەم سێ پەمپە نوێیە، ئاستی دابینکردنی ئاو بۆ شاری سلێمانی دەگەیەنێتەوە ئاستی پێشووی خۆی و کێشەی کەم ئاوی لەو گەڕەکانە چارەسەر دەکات کە ئێستا بەدەست بێئاوییەوە دەناڵێنن، پێشتر لەکارکەوتنی پەمپە کۆنەکان بووەتە هۆی ئەوەی گەڕەکەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سلێمانی ڕووبەڕووی قەیرانی کەم ئاوی ببنەوە"،  بەختیار تاهیر وا دەڵێت.

بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوبەرایەتی ئاوی سلێمانی "تەنیا ئەم سێ پەمپە نین، بەڵکو ٨ پەمپی دیکە بۆ هێڵی یەکی ئاوی دووکان - سلێمانی کڕدراون. بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو ٨ پەمپە تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە هەرێمی کوردستان و چاوەڕوان دەکرێت لە ئایندهیەکی نزیکدا بگەن تاوەکو پڕۆسەی نوێکردنەوەی پڕۆژەی ئاوی سلێمانی بە تەواوەتی جێبەجێ بکرێت".




PM:03:50:21/06/2026