رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو راپۆرتێکی سەبارەی بە دۆخی تەندروستی کەژاڵ رەحمانی، کە لە بەندینخانەی ژنانی ناوەندیی سنە لە ژووری تاکەکەسیدا زیندانیە و لە ١٥ هەمین رۆژی مانگرتنیدا بڵاوکردەوە و دەڵێت "دۆخی تەندروستی ناجێگیرە".
یەک شەممە، ٢١ حوزەیران ٢٠٢٦، لە راپۆرتەکەدا هاتووە "کەژاڵ ڕەحمانی لە ئەنجامی پانزە ڕۆژ مانگرتنی بەردەوام لە خواردن، تووشی دابەزینی توندی پەستانی خوێن بووە و لانی کەم جارێک لە ژووری تاکەکەسیدا بوراوەتەوە. سەرباری ڕاسپاردەی پزیشکانی بنکەی تەندروستیی بەندیخانە سەبارەت بە پێویستیی کۆتاییهێنان بە مانگرتن یان لێدانی سیرۆم، ئەم ژنە دەستبەسەرکراوە ڕایگەیاندووە تا کاتی بەدیهاتنی داواکارییەکانی و وەستاندنی گوشار لەسەر بنەماڵەکەی بەردەوام دەبێت لە مانگرتن لە خواردن".
بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، ٦ حوزەیران ٢٠٢٦، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بەبێ نیشاندانی بڕیاری دادوەری و بە شکاندنی دەرگای ماڵەکان، بە شێوەیەکی هاوکات هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی کەژاڵ ڕەحمانی و براکەی دانیاڵ ڕەحمانی (خوێندکاری زانکۆی ئازادی سنە) لە کامێران و بە توندوتیژییەکی زۆر دەستبەسەریان کردوون.
چەند کاتژمێر دوای دەستبەسەرکرانی کەژاڵ و دانیاڵ، عیسا فەیزی، چالاکی مەدەنی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و هاوسەری کژاڵ ڕەحمانی، کاتێک کە بۆ بەدواداچوونی چارەنووسی هاوسەرەکەی و براکەی سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێرانی کردبوو، لەلایەن هێزەکانی ئەم ناوەندە ئەمنییەوە دەستبەسەر کرا. ئەم هێزانە پێشتر دەستیان بەسەر مۆبایلەکەیدا گرتبوو.
رێکخراوی هەنگاو ئاماژە بەوەش دەکات کە "تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی عیسا فەیزی و دانیاڵ ڕەحمانی لەبەردەستدا نییە و هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان نەبووە".