بەپێی نووسراوێکی فەرمی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بە واژۆی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ دەرچووە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەریەک لە ئەحمەد نەجم (سەرۆکی بۆردی بەڕێوەبردنی کەناڵ٨) و بژار دەباغ (پێشکەشکاری کەناڵەکە) دەرکراوە.
وەک ئەوەی کەناڵەکە خۆی بڵاویکردووەتەوە، ئەم فەرمانە کاردانەوەیەکی بەرفراوانی لەسەر ئاستی میدیایی و سیاسی لێکەوتووەتەوە.
لە نووسراوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا کە ئاراستەی گشت بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کراوە، هاتووە کە ناوبراوان بەپێی ماددەی ٢ی یاسای خراپ بەکارهێنانی مۆبایل دەستگیربکرێن و دوای دەستگیرکردنیان لە دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر ئامادە بکرێن.
دوای دەرچوونی ئەم بڕیارە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردنەکە، بەمەش فەرمانەکە گشتگیر کراوە و لە سەرانسەری هەرێمدا کاری پێدەکرێت.