وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوای کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی حزبهکەی، نیگەرانیی قووڵی لە دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم دەربڕی و ڕایگەیاند کە یەکێتی هەرگیز شەڕی لەسەر پلە و پۆست نەکردووە، بەڵکو مکوڕە لەسەر چەسپاندنی بنەماکانی سازان و شەراکەتی ڕاستەقینە لە کابینەی دەیەمدا.
کاروان گەزنەیی، ئاماژەی بەوە کرد کە یەکێتی دەیەوێت کابینەی نوێ کابینەیەکی خزمەتگوزار بێت، جیاوازی لە نێوان شار و ناوچە جیاوازەکانی کوردستاندا نەکات و بە یەک چاو سەیری سەرجەم هاووڵاتیان بکات.
وتەبێژی یەکێتی ڕوونی کردەوە کە حزبەکەی خوازیاری هاوبەشیی ستراتیژییە لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە، ئێران، تورکیا، وڵاتانی کەنداو، ئەوروپا، ئەمریکا و سەرجەم هێزە ناوخۆییەکان بە پارتی دیموکراتی کوردستانیشەوە، بەڵام سازش لەسەر بەڵێنەکانی هەڵبژاردن ناکەن و جەخت لە پێکهێنانی حکومەتێکی ٥٠ بە ٥٠ دەکەنەوە. یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم دوو بەڵێنی بنەڕەتیی داوە کە بریتین لە دروستکردنەوەی باڵانسی هێز و ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی، کە ئەمەش لە بەرژەوەندیی تەواوی هێزە سیاسییەکان و هاووڵاتیاندایە.
هاوکات ڕاشیگەیاند'' لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە فەرمی ڕێککەوتنی خۆی لەگەڵ جوڵانەوەی نەوەی نوێ واژۆ دەکات.''
کاروان گەزنەیی ئۆباڵی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی خستە ئەستۆی پارتی و جەختی کردەوە کە هەتاوەکو باڵی خۆسەپێنی ناو پارتی و ویستی حکومەتی پۆلیسی بوونی هەبێت، حکومەتی هەرێم پێکنایەت.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەش کرد کە دەرگای گفتوگۆیان کراوەیە، بەڵام ناگونجێت ئەوان لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیدا بن و لە بەرامبەردا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەحمەد نەجم، بەڕێوەبەری کەناڵ٨ دەربچێت.