تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی: ئەگەر دۆسییەکان ڕێڕەوی یاسایی نەگرنەبەر مانگرتن ڕادەگەیەنرێت

تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژە بەوە دەکەن کە دۆسییەکان لە دادگای سلێمانی وەستاون و دەستوەردانی حزبی بووەتە ڕێگر لەبەردەم گرتنەبەری ڕێڕەوی یاسایی خۆیان.

ئاشکرای دەکەن کە لاهور شێخ جەنگی و تەواوی دەستگیرکراوان هۆشداری دەدەن ئەگەر لە نزیکترین کاتدا دۆسییەکان ڕێڕەوی یاسایی خۆیان نەگرن، ئەوا دەست بە مانگرتن دەکەن.

ئەم دۆسییەیە پاش زنجیرەیەک ئازادکردنی دەستگیرکراوانی لالەزار دێت، کە تێیدا لە ٢٠ـی نیسانی ٢٠٢٦ موحسین خۆشناو، پاسەوانی لاهور شێخ جەنگی و ١١ دەستگیرکراوی دیکە ئازاد کران.

پێشتریش لە ٩ـی نیسانی ٢٠٢٦دا، ١٤ کەسی دیکە ئازاد کران کە یاسین بەرزنجی، بەرپرسی پاراستنی ماڵی لاهور شێخ جەنگی یەکێکیان بوو. ئەمەش جیا لە ئازادکردنی چەندین دەستگیرکراوی دیکە لە مانگەکانی شوبات و کانوونی دووەمی ئەمساڵدا.

پرۆسەی دادگاییکردنەکە لە کاتێکدایە کە لە ١٢ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ بۆ یەکەم جار لاهور شێخ جەنگی برایە بەردەم دادوەر لە دادگای سلێمانی، بەڵام دادوەر بڕیاری کۆتایی نەدا و دۆسیەکەی بۆ وردبینی ڕەوانەی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەرێمی کوردستان لە هەولێر کرد.

سەرەتای ئەم کێشەیەش بۆ شەوی ٢٢ـی ئابی ٢٠٢٥ دەگەڕێتەوە، کە شەڕێکی قورس لە دەوروبەری هۆتێل لالەزار لە سلێمانی لە نێوان هێزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و چەکدارانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی ڕوویدا و لە ئەنجامدا لاهور شێخ جەنگی و دەیان کەس لە لایەنگرانی دەستگیرکران.



PM:10:18:21/06/2026