سێناتۆری کۆمارییەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند'' لە کۆبوونەوەیەکی چوار کاتژمێر و نیویدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، پلانی توندی واشنتنی تاوتوێ کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز بە زەبری هێز، ئەمەش لە ئەگەری شکستهێنانی دانوستانەکانی ئێستا لەگەڵ ئێراندا.
لیندزی گراهام، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا باج دەخاتە سەر سەرجەم ئەو کەشتیانەی بە گەرووەکەدا تێپەڕدەبن بۆ دابینکردنی تێچووی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، و هۆشداریشی دا کە ئەگەر ئێران لەسەر کۆنترۆڵکردنی گەرووەکە رکابەریی ئەمریکا بکات، ئەوا بە تەواوی تێکی دەشکێنن.
ئەم لێدوانە توندانەی گراهام لە کاتێکدایە کە ناوچەکە شاهیدی پێشهاتی خێرا و ئەرێنییە بەهۆی گەیشتن بە یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی سەرەتایی لە نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ سەرلەنوێ کردنەوەی گەرووی هورمز بەڕووی هاتوچۆی کەشتیوانی نێودەوڵەتیدا.
گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەکانی جیهان، کە ڕۆژانە نزیکەی ٢٠٪ـی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕدەبێت، و هەر مەترسییەک لەسەر سەقامگیریی ئەم گەرووە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ و خێرا دەخاتە سەر بازاڕەکانی وزەی جیهان.