یەکێتی سکاڵا لەسەر حکومەتی هەرێم تۆمار دەکات

یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کۆبوونەوەی دوێنێدا بڕیاریدا سکاڵای یاسایی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمار بکات.

دووشەممە ٢٢ی حوزەیران سەرچاویەکەی ئاگادار بە سپی راگەیاند لە کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممەی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باس لە تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە.

سەرچاوەکەی سپی سەبارەت بە هۆکاری تۆمارکردنی سکاڵا وتی "لەکۆبوونەوەکەی سەرکردایەتی یەکێتی باس لە ماوەبەسەرچوونی حکومەتی هەرێم کراوە کە سەرەڕای ئەوەش زۆرەبەی دەسەڵاتەکان لەلایەن لایەنێکی سیاسییەوە قۆرخ کراوە".

ئەمەش لە کاتێکدایە تا ئێستا یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە فەرمی سەبارەت بە تۆمارکردنی سکاڵا هیچ لێدوانێکی نەداوە.

رۆژی یەکشەممە لە پاش کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی، كاروان گه‌زنه‌یی، وته‌بێژی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا وتی، نیگەرانی قوڵی خۆمان دەردەبڕین لەدواكەوتنی پێكهێنانی حكومەتی هه‌رێم، لەكاتێكدا یەكێتی هەرگیز شەڕی لەسەر پلەو پۆست نەكردوە، بەڵكو مكوڕ بوە لەسەر ئەوەی بنەماكانی سازان و شەراكەتی راستەقینە لەكابینەی دەیەمدا بچەسپێنێت.

وتیشی، یەكێتی دەیەوێت كابینەی نوێ كابینەیەكی خزمەتگوزار بێت و جیاوازی لەنێوان سلێمانی و هەولێر و كەلار و سۆران و ناوچەكانی دیكەدا نەكات و بەیەك چاو سەیری سەرجەم هاووڵاتیانی كوردستان بكات.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان خوازیارە هاوبەشی ستراتیژیی هەبێت لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە، كۆماری ئیسلامی ئێران، توركیا، وڵاتانی كەنداو، ئەوروپا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو سەرجەم هێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بە پارتی دیموكراتی كوردستانیشەوە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە بەڵێنەكانی هەڵبژاردن لەبیر بكەین، بەڵكو تەئكید لەپێكهێنانی حكومەتێكی ٥٠ بە ٥٠ دەكەینەوە.




PM:01:11:22/06/2026