بنەماڵەی یاد سەرباز: پرسە دانانێین

‌وێنەی یاد سەرباز

لە روونکردنەوەیەکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لەلایەن بنەماڵە و خزمانی گوندی کۆیلێ  بڵاوکراوەتەوە ئاشکرای دەکەن کە ئەو ئێسکانەی دۆزراونەتەوە بەپێی ئەنجامی پشکنینی DNA دەرکەوتوە کە ئێسکەکان هی یاد سەرباز بوە و بنەماڵەکەشی پرسەی بۆ دانانێن.

دوو شەممە، ٢٢ حوزەیران ٢٠٢٦، لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە "دوای ٢٦  رۆژ بەسەر رووداوی ونبوون، رفاندن و دۆزینەوەی ئێسقانەکان و دوای ١٠  رۆژ لە وەرگرتنی سامپڵی ئێسقانەکان و خوێنی دایک و باوکی منداڵەکە، ئەمڕۆ دوو شەممە ٢٢ـی حوزەیران ٢٠٢٦، لەڕێگای دادگە، ئاسایش و دامودەزگا فەرمییەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینەوە بە فەرمی ئاگادارکراینەوە کە ئەنجامی پشکنینی DNA  پۆزەتیڤ بووە".

بنەماڵەی یاد سەرباز سەبارەت بە دانانی پرسە بۆ منداڵەکەیان وتویانە کە  "لێرەوە جارێکی دیکە دووپاتی دەکەینەوە کەوا ئێمە پرسە دانانێین، لەم کاتەدا نامانەوێت لەوە زیاتر هیچ شتێک بڵێین، تەنیا ئەوە نەبێت کە پرسە دانانێین".

یاد سەرباز منداڵێكی تەمەن ٣ ساڵ و نیو بوو کە دانیشتووی شاری هەولێر بووە، لە ڕۆژی ٢٧ی مانگی ڕابردوو، لە کاتێکدا لەگەڵ خێزانەکەیدا سەردانی ماڵی باپیریانیان کردبوو لە گوندی ئێنزێ، بە شێوازێکی ناڕوون و لە ماوەی چەند خولەکێکدا ونبوو، دوای تێپەڕبوونی ماوەیەک بەسەر ونبوونەکەیدا، لە ڕۆژی ١٢ی ئەم مانگەدا ئێسک و پروسکی تەرمێک لە شوێنێکدا دۆزرایەوە کە بەپێی خەمڵاندنەکان ٤٠ خولەک بە پێ لە گوندەکەوە دوورە. ئەمەش وایکرد لایەنە پەیوەندیدارەکان پشکنینی DNA بۆ دایک و باوکی یاد ئەنجام بدەن بەمەبەستی بەراوردکردنی لەگەڵ ئێسک و پروسکە دۆزراوەکەدا.




PM:02:33:22/06/2026