خزمەتگوزاری جیاکردنەوەی خێزان لە پسوڵەی خۆراک چالاک کرا


بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پلان دانان و بەدواداچوون، لە وەزارەتی بازرگانی عێراق، تاڵب حەسەن نیعمە لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە کە خزمەتگوزاریی جیاکردنەوەی خێزان لە "پسوولەی خۆراکی ئەلیکترۆنی" لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کارا کرا.

دوو شەممە، ٢٢ حوزەیران ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "خزمەتگوزارییەکە لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، نەینەوا، کەرکووک، بەسرە، زیقار، میسان، دیوانییە، موسەننا، سەڵاحەدین، ئەنبار، کەربەلا، نەجەف کارا کراوە".

"ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەتدایە بۆ پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکانی پسوولەی خۆراک و هێنانەکایەی ئاسانکاریی زیاتر بۆ هاوڵاتییان، ئەوەش لە رێگەی بەکارهێنانی سیستمە تەکنەلۆژییە هاوچەرخەکانەوە"، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پلان دانان و بەدواداچوون وا دەڵێت.

پێشتر ئەم خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییە لە پارێزگاکانی بەغدا، واست، بابل و دیالە خرابووە کار، بەمەش لە ئێستا "پڕۆژەکە لە تەواوی وڵاتدا گشتگیر کراوە و سەرجەم هاوڵاتییان دەتوانن لە لقەکانی پسوولەی خۆراک لەم خزمەتگوزارییە سوودمەند بن".




PM:04:15:22/06/2026