کەلار.. ژنێک لەکاتی منداڵبووندا "بەهۆی دەرزی هەڵەوە" گیانی لەدەستدا

‌ئەرشیف، کەلار

برای هاوژینەکەی بێخاڵ جەبار ئەو ژنەی کۆچی گیانی لە دەستداوە دەڵێت "بەهۆی بەکارهێنانی دەرزیی هەڵەوە" براژنەکەی گیانی لەدەستداوە و  وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی  تەندروستیی گەرمیان، ئازاد حەمە فەرەج لە لێدوانێکدا باس لەوە دەکات، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان بۆ بەدواداچوونی رووداوەکە پێکهێناوە.

دوو شەممە، ٢٢ حوزەیران ٢٠٢٦، رووداوەکەی رۆژی ١٧ـی ئەم مانگە لە نەخۆشخانەی ناحکومی کەلار هەڵمەت عومەر، برای هاوژینەکەی بێخاڵ جەبار رایگەیاند "براژنەکەم ١٠  ساڵە لەگەڵ ئێمەدایە، دوای ئەوەی گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە، دەرزیی تاقیکردنەوەی لێدراوە، دوای ئەوە تەندروستیی تێكچوو و گورچیلەکانی وەستان".

بە وتەی هەڵمەت عومەر کاتژمێر ١٢:٠٠ ی نیوەڕۆی ١٧ مانگ بێخاڵ جەبار گیانی لەدەستداوە، بەلام نەخۆشخانە ئەهلیەکەی کەلار هیچیان نەوتووە و رەوانەی نەخۆشخانەی ئەنوەر شێخەیان کردوە لە سلێمانی، دواتر نەخۆشخانەکەی سلێمانی پێیان وتون کە "بە مردوویی هێنراوە".

هەڵمەت عومەر دەشڵێت "کاتی مردنی براژنەکەم بۆ ئێمە زۆر نادیارە".

ئازاد حەمە فەرەج، وتەبێژی تەندروستیی گەرمیان،لە لێدوانێکدا ئەمڕۆ، دووشەممە رایگەیاند  "لیژنە پێکهێندراوە و پێکهاتووە لە  نوێنەری بەشی یاسایی، داواکاریی گشتی و پزیشکی پسپۆڕ پێکدێت و وتە لە ستافی هەردوو نەخۆشخانەی شەهید شێرەی نەقیب و نەخۆشخانە ئەهلییەکە وەردەگیرێت، تا ئێستا کەسوکاری کۆچکردوو سکاڵایان تۆمار نەکردووە و هیچ کەسێکیش دەستگیر نەکراوە و چاوەڕێی ئەنجامی لیژنەکەن".

بێخاڵ جەبار تەمەنی ٣٦ ساڵە و ١٠ ساڵە ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و خەڵکی شێخ لەنگەرە لە سنووری کەلار، دانیشتووی  کفریە،  دایکی دوو کوڕە و یەکەم کچیشی کە پێنج شەممەی رابردوو لەدایکبوو و دوای خۆی جێهێشت.




PM:05:35:22/06/2026