سێشەممە،
٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، لە کاتی داخستنی بازاڕ نرخی دینار لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی
بەراورد بە کردنەوەی بازاڕ بەرز دەبێتەوە.
نرخی دراوە بیانییەکان
بەم شێوەیەیە:
- نرخی ١٠٠ دۆلار بە ١٥٦ هەزار ٧٥٠ دینارە، کە ئەم بەیانییە نرخی ١٠٠ دۆلار بە
١٥٧ هەزارو ٧٥٠ دینار بوو.
- نرخی ١٠٠ یۆرۆ بە ١٧٦ هەزار و ٩٥٩ دینار.
- نرخی ١٠٠ پاوەن بە ٢٠٥ هەزار و ٤٨٦ دینار.
نرخی دراوەکانی وڵاتانی
دراوسێ بەم شێوەیەیە:
- نرخی ١٠٠ هەزار تمەنی ئێرانی بە هەزار و ١١٧ دینار.
- نرخی ١٠٠ لیرەی تورکی بە ٣ هەزار و ٤٠١ دینار.
سەبارەت بە بەرز و
نزمبوونی نرخی دۆلار و دینار لە رۆژانی دواییدا، وتەبێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە
سلێمانی ڕایگەیاند کە دابەزینی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی لەم
چەند ڕۆژەی دواییدا بابەتێکی کاتییە و هۆکارەکەی تەنیا بۆ لایەنی تەکنیکی دەگەڕێتەوە،
کە بەشێکی پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە جێبەجێکردنی سیستمی ئەلیکترۆنیی نوێی گومرگی
"ئەسیکۆدا"ـوە هەیە.
جەبار گۆران، وتەبێژی
بازاڕی دراو، ئاشکرای کرد کە هۆکارێکی دیکەی سەرەکیی ناجێگیریی کاتیی بازاڕەکان بۆ
ئەو دەنگۆ و پڕوپاگەندانە دەگەڕێتەوە کە لەلایەن هەندێک کەسەوە تەنیا بۆ بەرژەوەندی
و قازانجی تایبەتی خۆیان بڵاودەکرێنەوە، بە مەبەستی ئەوەی کایە و یاری بە بەهای دۆلارەوە
بکەن لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا.
ناوبراو تەواوی ئەو دەنگۆیانەی
بە توندی ڕەتکردەوە کە باس لە هەوڵ یان نیازی بانکی ناوەندیی عێراق دەکەن بۆ کەمکردنەوەی
دووبارەی بەهای دینار و جەختی کردەوە کە بانکی ناوەندی لە ڕێگەی ڕاگەیاندراوێکی فەرمییەوە
دڵنیایی تەواوی داوە کە نرخی فەرمی بە جێگیری دەمێنێتەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوە
کرد کە هیچ پاڵنەر و هۆکارێکی دارایی نییە وا لە عێراق بکات بەهای پارەکەی دابەزێنێت،
چونکە بڕیاری لەو شێوەیە متمانەی هاوڵاتیان بە دراوی نیشتمانی لەناو دەبات، لە کاتێکدا
پاراستنی ئەو متمانەیە لە ئەولەویەت و ئەرکە سەرەکییەکانی بانکی ناوەندییە.
هاوكات لێدوانی هەندێک
لە بەرپرس و پەرلەمانتارانی لەسەر گۆڕینی نرخی دراو بە "نابەرپرسانە"
ناوبرد و ڕوونی کردەوە کە بەپێی ماددەی ١٠٣ی دەستووری عێراق و یاسای ژمارە ٥٦ی
بانکی ناوەندی، نە ئەنجوومەنی وەزیران و نە پەرلەمان دەسەڵاتی دەستوەردانیان لە سیاسەتی
نەختینەیی سەربەخۆی بانکی ناوەندیی عێراقدا نییە.
لەسەر ئاستی پێشبینییە
داراییەکان بۆ داهاتووی بازاڕ، ئەم شارەزایەی بواری دراو دڵنیایی بە هاوڵاتیان دا
کە هیچ مەترسییەک لەسەر بەهای دیناری عێراقی نییە و ئەم دۆخە تەنیا بازدانێکی کاتیی
نرخە.
ناوبراو پێشبینی دەکات
نرخی دۆلار لە ماوەیەکی نزیکدا پاشەکشە بکات و ڕایگەیاند کە تەنانەت ئەگەر نرخی
١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بگاتە ١٦٥ هەزار دیناریش، ئەوا دووبارە دادەبەزێتەوە بۆ ئاستی
١٥٠ هەزار دینار و پێشبینیشی کرد کە نرخەکە بۆ خوار ئەو ئاستەش دابەزێت.
گۆران ئەم هاوسەنگی و
گەشبینییە داراییەی بەردەوامیی جێگیریی دۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکەوە بەستەوە، بەڵام
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەگەر هاتوودا هەر جۆرە شەڕ یان پێکدادانێکی نوێ لە ناوچەکەدا
ڕووبدات، ئەوا سروشتی پێشبینییەکان دەگۆڕدرێن و ناتوانرێت ئاڕاستەی یەکجاریی نرخەکان
دیاری بکرێت.