سەنتەری میترۆ و بەڕێوەبەری ماڵپەڕی ئیرادە رەخنە لە "هەی حوشتر"ەکەی بافڵ تاڵەبانی دەگرن

هەریەک لە بەڕێوەبەری ماڵپەڕی ئیرادە و رێکخەری سەنتەری میترۆ لە دوو نوسینی جیاجیا رەخنە لە سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەگرن کە رۆژنامەنوسێک بە "حوشتر" ناولێدەبات.

عەزیز ڕەئووف، مامۆستای زانکۆ و بەڕێوەبەری ماڵپەڕی ئیرادە لە نوسینێکدا دەنوسێت " هێرشکردنە سەر ڕۆژنامەنوس لەکاتی سەردانی بەرپرسان بۆ شوێنەگشتییەکان کردەیەکی نەخوازراوە و پێشێلکردنی مافی ڕۆژنامەنوسە".

هەروەها دەنوسێت "بەر لە هەرشت سیاسییەکان دەزانن ڕۆژنامەنوسان کاری گەورەیان پێناکرێ و تەنها دەتوانن مایک ببەنە بەردەم بەرپرسەکان و فرمێسکی پرسە و شیوەنی گۆڕستان و خاوەن پرسە لەبەردەم مزگەوتەکان بگوازنەوە. ئەمەش وایکردووە کاری ڕۆژنامەنووسی لە باشوور تەواو لە پیشە جدییەکەی دابڕاوە و کاری گەورەی لەدەست نایات. سەرباری هەموو ئەمانەش هەرگیز بەمانای ئەوە نایات کە سوکایەتی بە ڕۆژنامەنوس بکرێت".

عەزیز ڕەئووف دەڵیت: ""هەی حوشتر" ئەو قسە نەخوازراو و ناشرینەبوو کە لە زاری سەرۆکی یەکێتی هاتەدەر. ئەمەش بەر لە هەرشت ئیحراجی بۆ ناوبراو و حزبەکەی درووست دەکات. هەرگیز شیاو نییە کە سەرۆکی یەکێتی لەبەردەم کۆی ڕۆژنامەنوسان و میوانەکاندیدا بەو شێوەیە هێرش بکاتە سەر ڕۆژنامەنوس. من دەزانم ئەگەر ئەوە هەر برپرسێکی پارتی یان لایەنەکانی تر ئەو قسەیەی بکردایە ئەوە کۆی رۆژنامەنوسان و نوسەران و ڕۆشنبیران و بەناو ئۆپۆزسیۆن قسەیان لەسەر دەکرد و هەڵایەکی گەورەیان لەسەر دەنایەوە".

لە کۆتاییدا دەنوسێت "ئەرکی سەندیکا و لایەنە پەیوەندیدارەکانی بواری ڕۆژنامەنوسییە کە بێدەنگ نەبن و داوا لە سەرۆکی یەکێتی بکەن کە پۆزش بۆ قسەکەی بهێنێتەوە. بەر لە هەر کەس سەرۆکی یەکێتی دەبێ داوای لێبووردن بکات".

هاوکات لە لێدوانێکی رۆژنامەوانی رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆدا هاتووە " سوکایەتییەکەی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەرامبەر رۆژنامەنووسان شەرمەزارکەرە، بێدەنگی هاوکارەکانیشی کە لە بەردەمیدا بوون، شەرمەزارییەکی ترە.

چاوەڕوانیی ئەوەبووم لەناو یەکێتییەوە دەنگێک بەرز بێتەوە، یان دامەزراوەیەکیان داوای لێبووردن بکات، بەڵام بێدەنگراوان بێدەنگ کراون.

لە راستیدا ئەمە شێوازی ئاخاووتنی بێت لەگەڵ دەرەوەی خۆی، دەبێت لەگەڵ هەڤاڵەکانی چۆن قسە بکات؟ بە تایبەتیش کە توڕە دەبێت".

رەحمان غەریب هەروەها دەنوسێت "ئەگەر بەرپرسی لقی چواری پارتی ئاری هەرسین، ئەو سوکایەتییەی بە ڕۆژنامەنوسێکی یەکێتی بکردایە چی روویدەدا، هەمان بێدەنگی هەمان هەڵویست و دێزەبەدەرخونە دەبوو؟

هاوپشتی نێوان رۆژنامەنووسان گرنگە ، ئەبێ بێ ترس لەسەر دیاردەی سوکایەتیکردن بە رژنامەنووسان و پیشەکەیان قسەبکەن.

ئەو بێدەنگییەی هاوکارانی ئەو رۆژنامەنووسە، و لقی سلێمانی سەندیکا ڕۆژنامەنووسانی یەکێتییش، سامناک و خەمناکە، بۆ گەیشتن بەو ئاستە لە هاوپشتیکردنی یەکتر؟ کە بەرگریت لە خۆت پێ نەکرێ چۆن ئەتوانی بەرگری لە بەرژەوەندی گشتی بکەیت.

بنوسە، مەترسە، ئەمە سوکایەتی بوو بە سەندیکاو ئەندامانی، بە هەموو رۆژنامەسێک کە ڕێز لە پیشەکەی دەگرێت".




PM:05:43:23/06/2026