دۆناڵد ترەمپ هێرش دەکاتە سەر
ئەنجومەنی پیران و رایدەگەیەنێت، بڕیاری سنوردارکردنی دەسەڵاتە سەربازییەکانی بەرامبەر
تاران، خزمەتکردنە بە "دوژمن".
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا
هێرشی توندی کردە سەر ئەنجومەنی پیران و چەند ئەندامێکی ئەو ئەنجومەنەی تۆمەتبار
کرد بەوەی پێگەی ئیدارەکەیان بەرامبەر تاران لاواز کردووە، ئەمەش دوای ئەوەی ئەنجومەنەکە
دەنگی بە بڕیارێک دا بۆ کۆتاییهێنان بە جموجۆڵە سەربازییەکانی ئەمریکا دژ بە ئێران.
ترەمپ لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی
"تروس سۆشیاڵ" رایگەیاند، ئێران لە دۆخێکی زۆر هەستیاردایە و لە لێواری
رووخاندایە و ئامادەیە هەموو شتێک پێشکەش بکات، وتیشی: "ئێران رێزێکی زۆر بۆ
ویلایەتە یەکگرتووەکان و سەرۆکەکەی نیشان دەدات".
سەرۆکی ئەمریکا دەنگدانی ئەنجومەنی
پیرانی لەسەر یاسای "دەسەڵاتەکانی جەنگ" بە کاتێکی خراپ و بێسوود وەسف
کرد و رایگەیاند، ئەم بڕیارە ئەو پەیامەی بە ئێران دا کە ئەمریکا پشتگیری لە سیاسەتەکانی
ئەو ناکات، ئەمەشی بە "پێشکەشکردنی هاوکاری و پشتیوانی بۆ دوژمن" لەقەڵەم
دا.
رۆژی سێشەممە، ئەنجوومەنی پیرانی
ئەمریکا بە زۆرینەی ٥٠ دەنگی بەڵێ بەرامبەر ٤٨ دەنگی نەخێر، بڕیارێکی بۆ کۆتاییهێنان
بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا دژی ئێران پەسەند کرد، دوای ئەوەی پێشتر لە
ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەنگی لەسەر درابوو.