ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەوتی هەرێم دێتە سەر هێڵ

ڕۆژنامەی شەرقوئەوسەت ئاشکرای کردووە کە تۆم باراک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ شاری هەولێر، پرسی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵیی تاوتوێ کردووە، کە تێیدا دۆسیەی نەوت لە پێشەنگی گفتوگۆکاندا بووە.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، نێردەی ئەمریکا ئامادەیی واشنتنی بۆ نێوەندگیریی و گەیشتن بە ڕێککەوتن بە بەرپرسانی هەرێم ڕاگەیاندووە، بەڵام لە هەمان کاتدا پێشبینی دەکرێت لەم کابینەیەی ئێستادا یاسای نەوت و گاز ڕەوانەی پەرلەمان نەکرێت.

پرسی یاسای نەوت و گاز لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە وەک سەرەکیترین خاڵی ناكۆكی نێوان هەولێر و بەغدا ماوەتەوە. کێشەکەش لە دەوروبەری ئەوە دەسووڕێتەوە کە ئایا هەرێمی کوردستان مافی یاسایی هەیە ڕاستەوخۆ گرێبەستی نەوتی و پڕۆژەی سەربەخۆ لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکاندا واژۆ بکات، یان بەپێی دەستوور تەنها بەغدا ئەو دەسەڵاتەی هەیە، ئەمەش لەپاڵ جیاوازیی قووڵ لەسەر جۆری گرێبەستەکان و بەڕێوەبردنی کێڵگە دۆزراوەکان.

لەلایەکی دیکەوە، ماجد شەنگالی، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی مەیلی بەغدا بۆ پەیڕەوکردنی ناوەندێتییەکی بەهێز بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان، زۆر بە دووری دەزانێت لەم خولەی حکومەتەکەی عەلی زەیدیدا ئەو یاسایە بنێردرێتە پەرلەمانی عێراق، و پێشبینیش دەکات دۆخەکە وەک پێشوو بە هەڵپەسێردراوی بمێنێتەوە.



PM:06:20:24/06/2026