سەرچاوەیەک لە زانکۆی سلێمانی لە لێدوانیكی تایبەتدا بۆ سپی میدیا ئاشکرایکرد کە "لیژنەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی عەبدولەتیف ئەحمەد (عەبدولەتیف سەلەفی) کارەکانی تەواو کردوە، ئەمڕۆ ئەنجامەکەی رەوانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا کراوە".
چوار شەممە، ٢٤ حوزەیران ٢٠٢٦، ئەو بەرپرسە بە سپی میدیای راگەیاند "لە لێکۆڵینەوەکاندا کە ژمارەیەک کچ و کوڕ وەک گەواهیدەر شایەتیان داوە کە خوێندکاری عەبدولەتیف ئەحمەد بوون و پەنجەی تۆمەتی ئاراستە کراوە کە گێجەڵی سێکسی بە خوێندکارەکانی کردوە، بەڵام ناوبراو هەموو تۆمەتەکانی رەتکردوەتەوە ".
لە ئێستادا کارەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوە تەواوبووە و بڕیاری کۆتایی لای وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزیری خوێندنی باڵا دکتۆر ئارام محەمەد قادرە، و بەپێی زانیارییەکانی سپی میدیا لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەدا "تۆمەتەکان پشتڕاست کراونەتەوە".
پێکهێنانی ئەم لیژنەی لێکۆڵینەوەیە لەلایەن زانکۆی سلێمانییەوە دوای ئەوە هات، کە زنجیرەیەک تۆماری دەنگی و نامە لەنێوان کچێک و پیاوێک دا بڵاوکرانەوە و وا ناسێندران کە دەنگ و نووسینی د. عەبدولەتیف ئەحمەد بن. دوای بڵاوبوونەوەی دەنگەکانیش، باس لە بوونی چەند کچێکی دیکە لە دۆسیەکەدا کرا.
د. عەبدولەتیف ئەحمەد، جیا لەوەی مامۆستای زانکۆیە، وەک رێبەری سەلەفییەکانی کوردستان دەناسرێت، بڵاوبوونەوەی ئەو تۆمارە دەنگییانە کاردانەوەی زۆری لە ناوەندە جیاوازەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتەوە.