سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، شاسوار عەبدولواحید لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا زانیاری سەبارەت بە پلانەکانی داهاتوویان لەگەڵ یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێم ئاشکرا دەکات و دەڵێت "بڕیارمانداوە سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ هاوپەیمانێتییەکەی ئێمە و یەکێتی بێت".
چوار شەممە، ٢٤ حوزەیران ٢٠٢٦، شاسوار عەبدولواحید رایگەیاند "پارتی دەبێت بزانێت بە ٣٩ کورسییەوە زەحمەتە هەموو پۆستەکانی لەلا بێت و پێویست ناکات سەرجەم جومگەکانی دەسەڵاتی ئەم وڵاتە لە دەستی یەک کەس و بنەماڵەدا بێت، بۆیە دەبێت پارتی سازش لە هەندێک پۆست و بەرژەوەندیی خۆی بکات".
"لە دوای ساڵی ١٩٩٢وە ئەمە یەکەمجارە پارتی و یەکێتی ناتوانن بەبێ هێزی سێیەم حکومەت پێکهێنن، بەهۆی دەنگی خەڵکەوە گۆڕانکاریی راستەقینە روویداوە و نەوەی نوێ بووەتە هێزی یەکلاکەرەوە لە هەرێمی کوردستاندا"، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ وا دەڵێت.
سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ باسی لەوەشکرد، کە لە ئێستادا لە هەرێم حکومەت و دامەزراوەی شەرعی نەماوە و پۆستی سەرۆکی حکومەتیش ناڕەوا و نایاساییە.
شاسوار عەبدولواحید باسی لەوەشکردوە کە " هەتا هەفتەی داهاتوو پرۆژیەک لەگەڵ یەکێتی ڕادەگەیەنین، هەوڵدەدەین حوکمڕانی بگۆڕین، جارێک دڵنیانین وەکو نەوەی نوێ بەشداری حکومەت دەکەین یان نا، ئەگەر مەرجەکانی ئێمە جێبەجێ بکرێت، ئەوکاتە بەشداریی لە حکومەت دەکەین".