سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان دواین زانیاری سەبارەت بە مووچەی مانگی ٦ فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێم ئاشکرا دەکات.
چوار شەممە، ٢٤ حوزەیران ٢٠٢٦، ئەو سەرچاوەیە ئاشكرای کرد کە "وردبینیی لیستی مووچەی مانگی حوزەیران لە بەغداد تەواو بووە، هەموو رێکارەکانی دابینکردنی پارەش لە وەزارەتەکە کراون و دراوەتە وەزیری دارایی عێراق".
سەبارەت بە کاتی گەیشتنی پارەکە و دابەشکردنی مووچە، ئەو سەرچاوەیە وتویەتی "چاوەڕوان دەکرێت، هەفتەی داهاتوو لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیران لە بەغداد، پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش خەرج بکرێت".
سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی باسی لە پرسی داهاتی ناوخۆ و ناردنی پشکی بەغدا کرد و ئاماژەی بەوە دا، جارێ بڕی داهات دیاری نەکراوە، چونکە دەبێت مانگ تەواو بێت تاوەکو تەرازووی پێداچوونەوە تەواو بکرێت و بزانرێت داهات چەندە بۆ ئەوەی نیوەکەی بۆ بەغداد بنێردرێت و "ناتوانین ١٢٠ ملیار وەک داهاتی ناوخۆ بنێرین، هەروەها هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە".