بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ئاران، لە میانەی بەشداری کردنی لە پۆدکاستی سپی باسی لەوەکرد کە ماوەی ساڵانێکی زۆر بە بەردەوامی قەیرانی دەرمان لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێتەوە و کێشەکانی کەرتی تەندروستی دووبارە دەبنەوە.
هەژار بابان، ئەوەشی ئاشکراکرد، لە ساڵانی ڕابردوودا خەڵکانێکی زۆر لە وڵاتانی سوریا و ئێران دەهاتن و سەنتەری جوانکاریان لە هەرێم دەکردەوە بەبێ ئەوەی هیچ شارەزاییەکیان لە بوارەکەدا هەبێت، ساڵانە زیاتر لە ١٦٤ ملیۆن دۆلار لە ڕێگەی ئەم سەنتەرانەوە دەڕۆشتە دەرەوەی وڵات.
وتیشی'' ماوەی ١٠ ساڵ زیاترە کە قەیرانێکی قوڵی دەرمان ڕوو لە هەرێم کردوە و تەنها ٤٪ هاوڵاتیان دەرمان لە نەخۆشخانە حکومییەکان دەکڕن لەبەر ئەوەی بەردەست نییە لە بەرامبەردا لە ٩٠٪ دەرمانەکان لە کەرتی تایبەت دەست دەکەوێت.''
هەروەها، ئاماژەی بەوەشکرد پێدانی تاقیکردنەوە پزیشکییەکان بە کەرتی تایبەت بارگرانی زۆری لەسەر هاوڵاتیان دروست کردوە بەجۆرێک زۆرینەوی تاقیکردنەوەکان لە دەرەوەی نەخۆشخانە حکومییەکان بە نرخێکی زۆر بەرز ئەنجام دەدرێت.
لە کۆتایدا، جەختی لەوەکردەوە کە سەڕەڕای کێشەکانی کەرتی تەندروستی هێشتا لە چاو وڵاتانی ناوچەکە باشترە و لە داهاتوودا دەکرێت کاری زۆر باشتری تێدا بکرێت.