پرۆژە یاسای " ئاشتی " دەخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانی تورکیاوە


ماڵپەڕەکانی باکوری کوردستان لە زاری ئەندامانی پەرلەمانی دەم پارتیەوە، ئاشکرای دەکەن کە پرۆژە یاسای " ئاشتی " دوای کۆبوونەوەی ناتۆ دەخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانی تورکیاوە تا بڕیاری لەسەر بدرێت.  

هەرچەندە چوار مانگ بەسەر ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی پەرلەماندا تێپەڕیوە، هێشتا گفتوگۆ و چاوپێکەوتنەکان لەسەر ئامادەکردنی چوارچێوە یاساییەکە بەردەوامن و بڕیارە لە دوای کۆبوونەوەی ناتۆ بخرێتە کارنامەی پەرلەمانەوە.

لەسەربەندی خۆ ئامادەکردن بۆ کۆبووەکانی پەرلەمان، شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی سەبارەت بە ئامادەکردنی گۆڕانکارییە یاساییەکان، لەگەڵ پارتە سیاسییەکان و سەرۆکی پەرلەمان نوعمان کورتولموش کۆببووەوە، کارەکانی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتیش لەم چوارچێوەیەدا بەردەوامن، گفتوگۆکان لەسەر ئامادەکردنی یاساکان لەم ڕۆژانەی دواییدا خێراتر و چڕتر بوونەتەوە و لە ئەنقەرەش زانیاری زۆر لەسەر داڕشتنی یاساکان بڵاودەکرێنەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی ئاژانسی وڵات لە بەرپرسانی دەم پارتییەوە وەریگرتوون؛ لەلایەن کۆمیسیۆنە پەیوەندیدارەکانەوە هەڵسەنگاندنی بۆ پرۆژەکە دەکرێت و دواتر دەخرێتە کارنامەی پەرلەمانەوە و پاشان وەک یاسا دەردەچێت، دەوترێت کە یاسای چوارچێوەکە لەبارەی گەڕانەوەی ئەندامانی ڕێکخستنەکە (پەکەکە) و ئازادکردنی زیندانییانی سیاسی، ڕێگە بۆ هەندێک گۆڕانکاری دەکاتەوە، هەروەها گەڕانەوەی سیاسەتمەدارە کوردانەش دەگرێتەوە کە بەهۆی چالاکییە سیاسییەکانیانەوە ناچار بە کۆچ بەرەو ئەورووپا کراون.

بەرپرسانی دەم پارتی ڕایانگەیاندووە، دەبێت یاسای چوارچێوەکە گشتگیر و تەواوکاری بێت، پۆلێنکاری تێدا نەبێت و هەموو بەشەکانی چارەسەری بگرێتە خۆی.

چاوەڕوان دەکرێت یاسای چوارچێوەکە لە هەفتەی داهاتوودا ئامادە بکرێت و دوای ئەنجامدانی چاوپێکەوتنەکان، شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی بە مەبەستی وەرگرتنی پێشنیازەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بچێتە دوورگەی ئیمراڵی.

بڕیارە مانگی تەمووزی ئەمساڵ لە رێکەوتی ٧تا ١٢ ی تەموز كۆبوونەوەی لووتكەی ناتۆ لە ئەنكەرای پایتەختی توركیادا بکرێت، بۆ ئەم كۆبوونەوەیە، حكوومەتی توركیا بە ملیاران لیرەی خەرج كردووە و شەو و رۆژ خەریكی ئامادەكارین.

بڕیارە لە كۆبوونەوەی لوتكەی ناتۆ لە ئەنكەرا   دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و چەندان سەرۆکی وڵاتانی تری ناتۆ بەشداری كۆبوونەوەكە بكەن و توركیا خۆی ئامادە دەكات رێوڕەسمێكی گەورە بکات، هەر ئەم سەرقاڵیەش بۆتە هۆی دواخستنی چالاکی پەرلەمان لەبارەی پرۆسەی ئاشتییەوە، هەرچەندە، پەرلەمان پشووی هاوینەی خۆی درێژکردەوە.




PM:06:35:25/06/2026