یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە)، کە سەر بە پارتی ژیانی ئازادی کوردستانە (پژاک) لە راگەیاندراوێکدا هۆشداری دەداتە ئێران و دەڵێت "هێرشکردن بۆ سەر وڵاتەکەمان قبوڵکراو نییە و لە ئەگەری دووبارە بوونەوەدا، بەدڵنیاییەوە وەڵامی پێویست دەدەینەوە".
پێنج شەممە، ٢٥ حوزەیران ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "ڕۆژی ٢٥ حوزەیران ٢٠٢٦، هێزەکانی سوپای پاسداران لە کاتەکانی سەرلەبەیانیدا بە سێ درۆنی خۆکوژ هێرشیان کردە سەر دەوروبەی گوندی شیوێ نزیک بە شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەو هێرشانەدا هێزەکانمان هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە، بەڵام باخ و مەزرای هاوڵاتییان زیانیان پێگەیشتووە".
ئەو هێزەی رۆژهەڵاتی کوردستان وتوشیەتی "هێرشبەران ئاگادار دەکەینەوە کە هەر چەشنە هێرشکردن بۆ سەر وڵاتەکەمان قبوڵکراو نییە و لە ئەگەری دووبارە بوونەوەدا، بەدڵنیاییەوە وەڵامی پێویست دەدەینەوە".
لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا یەرەکە جەخت دەکاتەوە کە "پاراستنی گیان و ماڵی گەلەکەمان ئەرکی سەر شانمانە و پێویستە هەموو کەس دڵنیابن کە لەو بوارەدا ئەرکی خۆمان بەباشی جێبەجێ دەکەین".