لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دیمەنێک بڵاوبوەتەوە کە لە قەڵادزێ هێرش دەکرێتە سەر کارمەندێکی هاتووچۆ لەلایەن سەرنشینانی ئۆتۆمبێلێکەوە کە خۆیان وەک "کارمەندی ئاسایشی راپەڕین" ناساندوە، وتەبێژی هاتووچۆی راپەڕینیش دەڵێت "ئاگاداری رووداوەکە نین".
پێنج شەممە، ٢٥ حوزەیران ٢٠٢٦، عەلی عەبدوڵڵا، وتەبێژی هاتووچۆی راپەڕین لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "تا ئێستا بە فەرمی ئاگاداری وردەکاریی ئەو رووداوە نین، بەڵام دەستمان بە بەدواداچوونی ورد کردووە بۆ راستی و دروستیی بابەتەکە".
بەپێی زانیارییەکان رووداوەکە دوێنێ چوار شەممە روویداوە، کاتێک ئۆتۆمبێلێکی جۆری هۆندا ئەڤانتی بێ سەرەتا، کە ٥سەرنشینی تێدابووە، لە ترافیک لایتی ناو قەڵادزێ سەرپێچی دەکات و بە گڵۆپی سووردا تێدەپەڕێت، کارمەندێکی هاتووچۆ کە لەوێ لە ئەرکدا بووە، بە مۆبایلەکەی وێنەی سەرپێچییەکە دەگرێت بەمەبەستی تۆمارکردنی.
دوای وێنەگرتنی سەرپێچییەکە، سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکە دادەبەزن و خۆیان وەک کارمەندی "ئاسایشی راپەڕین" دەناسێنن، بەهۆی ئەمەوە مشتومڕ و گرژی لەنێوان هەردوولا دروست دەبێت، کە دواتر دەگۆڕێت بۆ پەلاماردانی جەستەیی، لە ئەنجامی گرژییەکەدا، سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکە دەمانچە و مۆبایلی کارمەندەکەی هاتووچۆیان وەرگرتووە.