تۆڕی ٨ی مارس، کە لە ژمارەیەک ڕێکخراوی ژنان، مافی مرۆڤ، کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەکادیمیست و چالاکوانان پێکهاتووە، یاداشتێکی فەرمی ئاراستەی دکتۆر ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کرد، سەبارەت بە کەیسی مامۆستای زانکۆ و سەرکردەی سەلەفی، (عەبدوللەتیف ئەحمەد مستەفا).
تۆڕەکە ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی ڕابردوودا بە مەبەستی نەشێواندنی ڕێڕەوی لێکۆڵینەوەکان هیچ هەنگاوێکی پێشوەختەیان نەناوە، بەڵام ئێستا کە لیژنەکەی زانکۆی سلێمانی کارەکانی تەواو کردووە و دەرئەنجامەکانی خستووەتە بەردەم وەزارەت، ئەوان چاوەڕوانی دادپەروەریی و دوورخستنەوەی دەستتێوەردانەکان دەکەن.
تۆڕی ٨ی مارس لە یاداشتەکەیدا چەند داواکاری و پێداگرییەکی سەرەکی خستووەتە ڕوو:
ڕەوانەکردنی دۆسیەکە بۆ دادگا: پاڵپشت بە یاسای بەرزەفتی فەرمانبەرانی دەوڵەت، یاسای سزادانی عێراقی و یاسای بنەماکانی دادگاییکردنی سزایی، پێویستە دۆسیەکە بە خێرایی ڕەوانەی دادگای تایبەتمەند بکرێت، چونکە هەر خەمساردییەک بەواتای ئاساییکردنەوەی خراپ بەکارهێنانی پێگەی ئەکادیمی دێت.
ڕێگری لە دەستتێوەردانی حزبی: پێویستە ڕێگە بە چوونەپێشەوەی یاسایی کەیسەکە بدرێت بەبێ ئەوەی هیچ لایەنێکی حزبی یان سیاسی ڕێڕەوەکەی بگۆڕێت.
پاراستنی حەرەمی زانکۆ: تۆڕەکە جەختی کردووەتەوە کە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی زانستی (وەک نمرە یان پایە) بۆ بەرژەوەندی سۆزداری و گێچەڵی سێکسی، گورزێکی کوشندەیە لە پایەی ئەکادیمی زانکۆی دایک و پێویستە ژینگەیەکی ئارام بۆ کچان و خوێندکاران مسۆگەر بکرێت.
داڕشتنی ڕێبەری پیشەیی و هۆشیاری: داواکراوە کە ڕێبەرێکی کاری پیشەیی بۆ ڕێگری لە هەر جۆرە هەراسانکردنێک لە زانکۆکاندا دابڕێژرێت و هێڵی پەیوەندی بۆ خوێندکاران دابین بکرێت تا لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئیستغلالکردنێکدا بتوانن دەنگی خۆیان بگەیەنن.
هاوکات تۆڕی ٨ی مارس ئامادەیی تەواوی خۆی و ستافە پسپۆڕەکانی پیشان داوە بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە پاڵپشتییەکی یاسایی، دەروونی و کۆمەڵایەتی بەو خوێندکار و کچانەی کە لەم جۆرە کەیسانەدا ڕووبەڕووی هەراسانکردن یان ئیستغلالکردن دەبنەوە.