کافترییا و کۆمپانیاکانی گواستنەوە دەکەونە ژێر چاودێریی توندی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان

بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ڕایگەیاند'' هاوتەریب لەگەڵ دەستگیرکردنی بازرگانان، پلانێکی فراوانیان بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر گرتووەتە بەر.''

لەم چوارچێوەیەدا، چەندین سمینار لە ناوەندەکانی خوێندن ئەنجامدراون، زیاتر لە ٤٦٠ پۆستەری هۆشیاری لە شوێنە گشتییەکان هەڵواسراون، و ١٦،٠٠٠ نامیلکەش بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشکراون، هاوکات لەگەڵ بەکارهێنانی مینبەری مزگەوتەکان لە ڕۆژانی هەینیدا.

لەسەر ئاستی چاودێریکردنی بازاڕ، ڕێنمایی دراوە بە زیاتر لە ١،٦٠٠ نۆرینگە و دەرمانخانە و بەڵێننامەی پابەندییان لێ وەرگیراوە سەبارەت بە دەرمانی کۆنتڕۆڵکراو، لەپاڵ وەرگرتنی بەڵێننامە لە ١١٠ کۆمپانیای گواستنەوە.

هەروەها هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بووەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی چەندین تۆڕی بازرگانی لە دەرەوەی وڵات. بەپێی ئامارەکان، گەنجانی تەمەن ١٨ بۆ ٤٠ ساڵ زۆرترین ئامانجن، بە جۆرێک %٨٠ی دەستگیرکراوانی ساڵی ٢٠٢٥ لەم گرووپە بوون، و ڕێژەی ئافرەتانیش لە نێو دەستگیرکراواندا %٤ بووە.



AM:11:33:26/06/2026