سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە رۆژی جیهانی قەدەغەکردنی ئەشکەنجەداندا داوا حوکمەتی هەرێمی کوردستان و حوکمەتی عێراقی فیدڕاڵ هەرچی زووە کار بکرێت بۆ دەرچواندنی یاسایەک بۆ ڕێگری کردن و قەدەغە کردنی ئەشکەنجەدان.
لە راگەیاندنێکدا کە بەبۆنەی ڕۆژی پاڵپشتی کردن لە قوربانیانی ئەشکەنجە، سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ کە سەنتەرەکەی لە سلێمانییەو رێکخراوێکی سەربەخۆی کۆمەڵگای مەدەنیە، دەڵێن" نەتەوە یەکگرتوەکان ڕێکەوتی ٢٦ ی حوزەیرانی هەموو ساڵێکی وەک ڕۆژی پاڵپشتی کردن لە قوربانیانی ئەشکەنجە دیاری کردوە ، بەم بۆنەیەوە ڕێکخراوی (DHRD) وەک ئەرکێکی پیشەیی و هەمیشەیی و وەک ڕێکخراوێکی بەرگریکار لە قوربانیان و ڕزگاربووانی ئەشکەنجە پاڵپشتی دەکات لە قوربانیانی ئەشکەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە".
هەروەها هاتووە " بە هەموو جۆرێک دژی هەر کردەوەیەک و پێشێلکاریەک دەوەستێتەوە کە شکۆ و کەرامەتی مرۆڤ لەکەدار بکات لە ژێر هەر بیانو هەر هۆکارێکدا بێت ، بۆیە لەم یادەدا داوا لەسەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات کە هەوڵەکانی خۆیان چڕ بکەنەوە بە مەبەستی ڕێگری کردن لە ئەشکەنجەدان و مامەڵەی نامرۆڤانە، چونکە ئەشکەنجەدان تاوانە و دڕندانەیە ناکرێت ببێتە ئامرازێک بەدەست هێزەکانی جێ بە جێ کردنی یاساوە وەک ئامرازێک بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوان و دانپێدانان بە تۆمەتباران و سزادانی تۆمەتباران".
لە درێژەی راگەیاندنەکەدا ڕێکخراوی (DHRD) بیری هەموو لایەکی دەخاتەوە کە پێویستە لەسەر حوکمەتی هەرێمی کوردستان و حوکمەتی عێراقی فیدڕاڵ هەرچی زووە کار بکرێت بۆ دەرچواندنی یاسایەک بۆ ڕێگری کردن و قەدەغە کردنی ئەشکەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە بە جۆرێک لەگەڵ بڕگە و دەق و مادەکانی ڕێکەوتننامەی بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجە و سەرجەم بڕگە و مادەکانی جاڕنامە جیهانیەکان و پەیماننامەکان و ڕێکەوتننامەکانی تایبەت بە پاراستنی مافی مرۆڤ و لەسەرو هەموویانەوە ڕێکەوتننامەی ڕێگری کردن لە ئەشکەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە کە ماوەی ١٥ سالە عێراق خۆی پابەند کردوە بە جێ بە جێ کردنی ئەم ڕێکەوتننامەیەوە".
ئەم ڕۆژە لەلایەن کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە ساڵی ١٩٩٧ دا دیاری کرا. هەڵبژاردنی ٢٦ی حوزەیران بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە هەمان ڕۆژدا لە ساڵی ١٩٨٧، "ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی ئەشکەنجە" چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەشکەنجەدان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان تاوانە و لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا (تەنانەت لە کاتی شەڕ یان باری نائاساییشدا) ڕێگەپێدراو نییە.
بەپێی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ، ئەشکەنجەدان قەدەغەیە. ئەشکەنجە تەنیا ئازاری جەستەیی نییە، بەڵکو هەموو ئەو ڕەفتارانە دەگرێتەوە کە دەبنە هۆی شکاندنی کەرامەتی مرۆڤ و دروستکردنی ئازاری دەروونی سەخت.
لە کوردستان تا ئێستا بەپێی راپۆرتە نێو دەوڵەتییەکان و ناوخۆیان ئەشکەنجەدان لە زۆرێک لە زیندانەکانی هەرێم بە هەموو شێوەکانیەوە پیادە دەکرێت، هەروەها تا ئێستا زیندانی سیاسی و رۆژنامەوان و چالاکوان پیادە دەکرێت لە هەرێمدا.