یەکێک لە پۆستەکانی سەرۆکی حکومەت، یان سەرۆکی هەرێم.. یەکێتی و نەوەی نوێ پلانیان چییە بەرامبەر پارتی؟

رێککەوتنی یەکێتی و نەوەی نوێ بۆ وەرگرتنی پۆستێکی سیادی هەرێمە لە هەردوو پۆستی سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێم، ئەگەر پارتی وەڵامدانەوەی پۆزەتیڤی نەبوو، بۆ ئەو داواکارییەی نەوەی نوێ و یەکێتی، ئەوا ئەو دوو حزبە پەنا دەبەنە بەر پلان ( b )ئەمەش دوا پەرەسەندی پڕ ڕسکی نێوان ئەو دوو لایەنە دەبێت.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی " سپی " پلان ( b ) یەکێتی و نەوەی نوێ جیاکردنەوەی میزانییەی پارێزگای سلێمانییە ( ناوچەکانی سەوزە )، لە میزانییەی هەرێم لە بەغداوە.

بەپێی ئەو زانیاریانە، یەکێتی و نەوەی نوێ لەسەر ئاستی عێراق کاریان بۆ ئەم هەنگاوەیان کردووەو لەلایەن شیعەو سونەکانی هاوپەیمان و نزیکیان رازیکردووە کە لە میزانەی نوێی عێراقی سەردەمی زەیدیدا، لەپەرلەمانی عێراق ئەم پرسە تێپەڕێنن و میزانیەی سلێمانی جیابکەنەوە لە میزانیەی هەرێم( واتە لە میزانییەی بەشی هەولێر و دهۆک ).

ئەو زانیاریانە لەناو ناوەندی یەکێتی و نەوەی نوێوە دەردەچن، ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێرانیش تێگەیشتنی بۆ ئەم هەنگاوەی یەکێتی هەیەو بەلایەوە پەسەندە.

ئەم هەنگاوانەی بافڵ تاڵەبانی کاتێک زیاتر چڕبووەوە و گەرمی بەخوە بینی کە شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی نەوەی نوێ لە زیندان لە ١٤ کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ ئازادکرا کە چاودێران ( دەستگیرکردنەکەیان بە سیاسی و ئازادکردنیشیان بە سیاسی ناوزەد کرد)، دوای چەند رۆژێکیش لە ئازادکردنی شاسوار نزیکبوونەوەیەکی تەواو لە نێوان نەوەی نوێ و یەکێتیدا روویداو، لە ئەنجامدا خۆیان لە هاوپەیمانێتییەکدا نمایشکرد، هەرچەندە تا ئێستا بە فەرمی بەرنامەی هاوپەیمانێتیەکە رانەگەیەندراوەو مەراسیمی بۆ ساز نەکراوە. 

ئەوە لە کاتێکدایە کە یەکێتی لەسەر ئاستی پەیوەندیەکانی لەگەڵ تورکیاش دەیەوێت جێگای پارتی بگرێتەوەو لەو نێوەشدا بافڵ تاڵەبانی چاوەڕوانی بانگهێشتنامەیەکی رەسمی تورکیا دەکات بۆ سەردانی ئەو وڵاتەو کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆغان و بەرپرسانی تری ئەو وڵاتە.

لەو بوارەشدا رادەستکردنی پارێزگاری کەرکوک بە بەرەی تورکمانی بەشێکە لەو سازشەی کە یەکێتی بۆ تورکیای کردووە.

بەپێی بۆچوونی چاودێران، ئەم هەنگاوە مەترسیدارە نوێیانەی یەکێتی و نەوەی نوێ و، سووربوونی پارتیش بە تایبەتی مەسرور بارزانی لەسەر تاکڕەوی و دابەشنەکردنی پۆستەکان بە هاوسەنگی و قۆرخکردنی پەیوەندیەکانی ناوخۆ و دەرەوە بۆ حزبەکەی و بنەماڵەکەی دوو هۆکاری سەرەکین کە لە دوو مانگی ئایندەدا رووداو گەلێک رووبدەن کە ئەگەری نەمانی هەرێم لەهەموو کاتێک زیاتر نزیک بکەنەوە.
 




PM:07:01:26/06/2026