تورکیا رێگە بە دانیشتووانی ٩ گوندی زاخۆ دەدات بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان


سپی میدیا، دهۆك:

پاش ڕەزامەندیی سوپای تورکیا، دانیشتوانی ٩ گوندی دەڤەری "گەلیێ پسئاغا" لە سنووری قەزای زاخۆ، توانییان دوای ساڵانێک دابڕان سەرەدانی گوندەکانی خۆیان بکەنەوە و بگەڕێنەوە سەر خاک و ماڵی خۆیان.

بەپێی زانیارییەکانی سپی، ئەم هەنگاوە دوای زنجیرەیەک هەوڵ و ڕەزامەندیی لایەنە پێوەندیدارەکان هاتووە، کە ڕێگەی بە خەڵکی ئەو ٩ گوندە داوە دوای بێبەشبوونیان بۆ ماوەیەکی درێژ، دووبارە ڕووبکەنەوە ناوچەکانیان.

ماوەی نزیکەی ١٠ ساڵە بەهۆی گرژیی و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە، تەواوی جووڵە و هاتوچۆی هاوڵاتییان لە ناوچە سنوورییەکانی زاخۆ کەوتووەتە ژێر کۆنترۆڵ و چاودێریی توندی سوپای تورکیاوە، ئەمەش ببووە ڕێگر لەبەردەم گوندنشینان بۆ دەستڕاگەیشتن بە زەوی و زار و ناوچەکانی خۆیان.

بیانوی دەوڵەتی تورکیا لەم داگیرکارییە سەربازییە، هەبوونی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستانە کە پەکەکە ساڵانێکی درێژە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێم وەک پێگەی سەرەکیی خۆی بۆ هێرشکردنە سەر تورکیا بەکاردێنێت.

بەپێی ڕاپۆرتە ئەمنی و میدیاییەکان، تورکیا دەیان بنکەی سەربازی، بارەگای هەواڵگری (میت) و خاڵی پشکنی لە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر دروست کردووە.

لە هەندێک ناوچەی سنووریدا، سوپای تورکیا ٣٠ بۆ ٤٠ کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی هەرێمەوە و ڕێگاوبانی سەربازیی تایبەتی بۆ گواستنەوەی کەلوپەلی لۆجیستی دروست کردووە. بنکەی «زێلکان» لە ناوچەی بەعشیقە (باکووری مووسڵ) یەکێکە لە ناسراوترین بارەگاکانیان.




PM:08:31:26/06/2026