د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد، لە وتاری ئەمڕۆیدا، هێرشی توند دەکاتە
سەر دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ئەو کەس و لایەنانەی کە بە وتەی ئەو "زوڵم"یان
لێکردووە و ڕایدەگەیەنێت، هیچ پەردە و ڕێگرییەک لە نێوان دوعای ستەملێکراو و
خودادا نییە و یەکسەر دەگاتە جێی خۆی.
ناوبراو لە وتارەکەیدا نزای لەو کەسانە کرد کە هۆکار بوون بۆ
ئەو دۆخەی تێیکەوتووە و وتی: "خودایە هەر دەسەڵاتێک، بەرپرسێک، تاوانبارێک یان
عەلمانییەک لە پشتی ئەو زوڵم و ستەمەوە بێت کە لە ئێمە کراوە، ڕۆژی ڕەشیان نیشان
بدەیت و تۆڵەیان لێ بکەیتەوە".
د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد، ڕەخنەی توندی لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن
گرت و بە "زاڵمترین" وەسفی کردن، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو دەزگایانە لەپێناو
کۆکردنەوەی لایک و کارلێک (ئەکتیڤ) و بێ ترس لە خودا، هەر درۆیەک بێت بڵاوی دەکەنەوە.
لە کۆتاییشدا جەختی لەوە کردەوە کە ئەو ماوەی ٣٥ ساڵە خەڵک بۆ لای خودا بانگ دەکات.