راگەیەنراوی سێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن: بەرامبەر بە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بە هیچ شێوەیەک بێدەنگ نابین!

هەرسێ فراکسیۆنی (یەکگرتوو و هەڵویست و کۆمەڵ) لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەسەر گرانی و بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و غاز و سووتەمەنی راگەیەنراوێکی هاوبەش بڵاودەکەنەوەو رایدەگەیەنن لەمبارەوە بیدەنگ نابن.

لە راگەیەنراوە هاوبەشەکەدا هاتووە "لە کاتێکدا هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، بە دەست قەیرانی ئابووری و دواکەوتنی مووچە و چەندەها گرفتی ئابورییەوە دەناڵێنن، بارگرانییەکی تری تاقەتپڕوکێن خراوەتە سەر شانیان، ئەویش بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، غاز و سووتەمەنییە، ئەم دۆخە نەخوازراوە کاریگەری ڕاستەوخۆی کردووەتە سەر بژێوی ڕۆژانەی کاسبکاران، شوفێران و سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگا".

هەروەها هاتووە "ئێمە وەک ئەم سێ فراکسیۆنە کوردستانییە لە بەغدا، پاڵپشت بەو متمانەیەی پێمان بەخشراوە، ڕایدەگەیەنین کە بە هیج شێوەک بێدەنگ نابین لە ئاست ئەم ستەم و نادادی و کەمتەرخەمییەی بەرامبەر بە هاوڵاتیانی هەرێم دەکرێت، بۆیە بۆ ڕای گشتی ڕوونی دەکەینەوە کە ئەم هەنگاوانە دەگرینە بەر:

یەکەم: هەموو هەوڵ و تواناکانمان چڕدەکەینەوە لە ڕێی پەرلەمان و لیژنە پەیوەندیدارەکان و سەردانی ڕاستەوخۆی وەزارەتی نەوت و گرتنەبەری هەموو ڕێگایەکی یاسایی و ئیداری بۆ ڕێگریکردن لەم قۆرخکارییە ئاشکرایە، کە حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بەرامبەر بە هاوڵاتیان دەیکات.

دووەم: حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان بەرپرسیاری یەکەمی ئەم گرانی و قۆرخکارییەیە کە لە بازاڕی سووتەمەنیدا هەیە، نەمانی شەفافییەت لە داهاتی نەوت و پاڵاوگەکان، باجەکەی تەنها هاوڵاتیانی بەشمەینەتی هەرێم دەیدەن.

سێیەم: داوا ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دەکەین، بەپێی بنەماکانی دەستوور و هاوڵاتیبوون، پشکی پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە) لە بەنزینی کوالیتی بەرز و بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومی (٤٥٠ دیناری) زیاد بکەن و ڕێگا نەدەن هاوڵاتیانی هەرێم ببنە قوربانی ململانێ سیاسییەکان".

راگەیەنراوی هاوبەشی ئەم سێ لایەنە لە کاتێکدایە کە ماوەیەکە نرخى بەنزین لە پارێزگاکانى هەولێر و دهۆک بەراورد بە سلێمانى و هەڵەبجە گرانترە.




AM:11:00:27/06/2026