کشتوکاڵى عێراق هاوردەکردنى ٣٥ مادەى خۆراکى قەدەغە کردووە

وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق هاوردەکردنى ٣٥ مادەى خۆراکى و شەتڵى ڕووەکى قەدەغە کردووە و کشتوکاڵى هەرێمى کوردستانیش جەخت لە پابەندبوونیان دەکاتەوە بە ڕۆژمێرى کشتوکاڵى لە نێوان هەولێر و بەغدا.

وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق لە ٢٣ی حوزەیران نوسراوێکى بە واژۆی مەهدى سەهر جبوورى، بریکارى وەزیرى کشتوکاڵ، ئاڕاستەى دەستەى دەروازە سنووریەکانى عێراق کردووە کە تایبەتە بە قەدەغەکردنى مادە کشتوکاڵییەکان و هاوردەکردنى و مامەڵەپێکردنى لە بازاڕەکانى ناوخۆى عێراق.

ئاماژە بەوەشکراوە، هاوردەکردنى بەرهەمى تەماتە تاوەکو ئەو کاتەى بەرهەمى ناوخۆیی کۆتایی دێت قەدەغە دەکرێت، کە مەبەست لێى پێگەیشتنى بەرهەمى تەماتەیە لە هەرێمى کوردستان کە ڕەوانەى ناوەڕاست و خوارووى عێراق دەکرێت.

لە نوسراوەکەى وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق، ٤٥ مادەى خۆراکیى کشتوکاڵى و ئاژەڵى و شەتڵى ڕووەکى خراوەتە ڕوو، کە ٣٥ مادەیان بەتەواوى قەدەغەیە هاوردەى عێراق بکرێت، ١٠ مادەى دیکەشیان بەگوێرەى پێگەیشتنى بەرهەمەکان گۆڕانکارى بەسەر هاوردەکردنیاندا دێت.

لەو ٣٥ مادەیەى وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق ئاماژەى پێکردووە، دووگى ئاژەڵ، گۆشت، قیمەى بەستوو، مانگاو مەڕ و گامێش بۆ بەخێوکردن، هێلکەى جوجک هەڵهێنان، هاوکات تەڕەپیاز و پیاز، گەڵامێو، هەنگوین و جۆرە جیاوازەکانى خورماى قەدەغە کردووە.

ڕزگار حەمەخدر، ڕاوێژکارى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى هەرێمى کوردستان راگەیاند "وەک هەرێمى کوردستان پابەندین بە ڕۆژمێرى کشتوکاڵى و ئەو نووسراوە نوێیەى وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق دەریکردووە، کە قەدەغەکردنى هاوردەکردنى بەشێک لە مادەکان بەو هۆیەوەیە کە بەرهەمى خۆماڵیمان ڕەوانەى خواروو ناوەڕاستى عێراق دەکرێت".

ئەوەشى ڕوونکردەوە، سەرجەم ئەو بەرهەمانەى بە بەردەوامیى قەدەغەکراون لە هەرێمى کوردستانیش پێوەى پابەند و ڕێگە بە هاوردەکردنیان نادرێت.




PM:12:56:27/06/2026